عەرەبستانی سعودیە ڕۆژی پێنجشەممە دادگایی کردنی سەرەتایی 11 کەسی دەستپێکرد کە پەیوەندییان هەیە بە کوشتنی ڕۆژنامەوان جەمال خاشقچییەوە.
ئەو نوسەرەی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست و ڕەخنەگری شازادەی جێنشینی عەرەبستانی سعودیە محەمەد بن سەلمان لە 2 ی مانگی 10 پاش چوونی بۆ کۆنسۆڵخانەی سعودیە لە ئەستەنبوڵی تورکیا کوژرا.
ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی عەرەبستانی سعودیە دەڵێت داواکارانی گشتی داوای سزای گونجاویان کردووە بۆ تاوانباران، لە ناویاندا سزای مەرگ بۆ پێنج کەس لە گومانبارەکان.
داواکارانی گشتی سەرەتا لە مانگی 11 ڕایانگەیاند ئەوان داوای سزای مەرگ بۆ ئەو کەسانە دەکەن کە فەرمانی کوشتنەکەیان دەرکردووەو ئەوانەی کە تاوانەکەیان ئەنجام داوە.
نێوی گومانبارەکان ئاشکرا نەکراوە.
ئۆفیسی داواکارانی گشتی دەڵێت بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە لە دۆسێیەکەو داوایان لە دەسەڵاتدارانی تورکیا کردووە هەر بەڵگەیەکی هەیانە بیخەنەڕوو. بەڵام هەتا ئێستا تورکیا وەڵامی ئەو داواکارییەی نەداوەتەوە.
پێشتر تورکا ڕایگەیاند ئەوانەی بەرپرسیارن دەبێت بدرێنەوە دەست تورکیا چونکە تاوانەکە لەوێ ئەنجام دراوە و عەرەبستانی سعودیەشی بە هاوکاری نەکردنی لێکۆڵینەوەکان تاونبار کرد.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاندووە فەرمانی کوشتنی خاشقچی لە ئاستێکی باڵای دەسڵاتی سعودیەوە فەرمانی لەسەر دراوە.
سعودیە لە سەرەتاوە گوتی خاشقچی بە پارێزراوی لە کۆنسۆڵخانەکەی دەرچووە بەڵام پاشان دانی بەوەدا نا کە لەوێ کوژراوە. بەڵام گوتی لەلایەن شازادە محەمەد بن سەلمانەوە فەرمانی کوشتنی نەدراوە.