ژیان لە فەرهەنگدا: سمکۆ ئەحمەد / بەشی دووهەم

دوو هەفتە لەمەوبەر و لە بەشی یەکەمی وتووێژماندا لەگەڵ هونەرمەندی شێوەکار سمکۆ ئەحمەد، باسمان لە ژمارەیەک بابەت کرد لەوانە فەرهەنگی کوردی و خوێندنەوە بۆ تابلۆکانی هونەرمەندان، هەروەها جیاوازی هونەری شێوەکاریی لە نێوان هەردوو جیهانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتدا کە هونەرمەند سمکۆ ئەزموونی کاری هونەریی لە هەردوو جیهانەکەدا هەیە.

سمکۆ ئەحمەد و ڕێبوار سەعید

پرسیارم زۆر مابوون لەگەڵ ئەم هونەرمەندەدا بە تایبەتیش سەبارەت بە دۆسێی جیهانیبوونی هونەری شێوەکاری کوردی. بەلای منەوە ئەم تەوەرە گرنگە بەردەوام قسەی لەسەر بکرێت چونکە ژمارەیەکی بەرچاوی هونەرمەندی شێوەکاری کورد لە هەندەران دەژین و بەشێکیشیان خوێندنی خۆیان لە ئەکادیمیا و کۆلیژە هونەرییەکانی ئەو وڵاتانەدا تەواو کردووە و بەردەوامیش بوون لە بەخششە هونەرییەکانیاندا، دەرفەتێکی گونجاویشیان لەبەردەستدا بووە بۆ خوێندنەوە و تێگەیشتن لەو لێکۆڵینەوە هونەرییانەی دەکرێن لەسەر قۆناغەکانی هونەر و قاڵ بوونەوە لە داهێنانە هونەرییەکان و تایبەتمەندێتییە هونەرییەکانیش. جێی خۆشیەتی بزانین بینەرانی بیانی چۆن لە تابلۆکانی هونەرمەندەکانمان دەڕوانن و چ جۆرە پرسیارێکیان هەیە لەسەر کارە هونەرییەکانیان.

سمکۆ ئەحمەد، لە ژمارەیەکی زۆری پایتەخت و شارەکانی جیهاندا پێشانگای تایبەتی کردۆتەوە، هونەرێکی ڕەسەن و هاوچەرخانەی نیشانی بینەرانی تابلۆکانی داوە.

ئەگەر بە هەڵەدا نەچووبم لە کۆتایی ساڵی 2016 دا بوو یان سەرەتای 2017 بوو، ڕۆژنامەی ئەلشەرق ئەلئەوسەت، بابەتێکی لەسەر پێشانگاکەی لەندەنی سمکۆ نوسیبوو ( بەهار هەرگیز نامرێت)، ڕۆژنامەکە دەنوسێت " هونەرمەند سمکۆ بە تێگەیشتنێکی گەورەوە پەیامێک دەنێرێت بۆ ویژدانی مرۆڤایەتی، لەو سۆنگەیەوەی ئەو ڕوناکییەی لە بینایی و ئەو ئەڤینەی لە دڵی مرۆڤدایە گەشتی خۆیان بە نێو ڕێگە ڕاست و پان و بەرینەکاندا دەکەن."

بۆ هونەرمەندێکی وەک سمکۆ، ئەگەر بێتو پەیامی هونەرمەند وەک خۆی دەڵێت پەیوەندی بە پرسە مرۆڤایەتییەکان و ماناکانی ئازادی و یەکسانییەوە نەبێت، ئەوا دەروازە مێژووییەکان هەرگیز ناکرێنەوە.

بەشێکی تری وتووێژمان لەگەڵ سمکۆی هونەرمەند، سەبارەت بەو کەسانەن کاریگەرییان هەبووە لەسەر ژیانی هونەریی سمکۆ، بە تایبەتیش لێرەدا مەبەستم لە ڕەوانشاد (عیرفان ئەحمەد)ی شاعیرە.

عیرفان ئەحمەد

عیرفان شاعیرێکی خاوەن دنیای خۆی بوو، چەندێک مەراقی شیعر نوسینی هەبوو، هێندە و زیاتریش چێژی لە خوێندنەوە دەبینی، دەیگوت نازانێت چۆن هەندێک لە شاعیرەکانمان دەتوانن بەبێ خۆ نۆژەن کردنەوە لە ڕێی خوێندنەوە و بینینی تابلۆ شێوەکارییەکان و بینینی نومایشتە شانۆییەکان، بەردەوام بن لە نوسین.

عیرفان، پاشنیوەڕۆی ڕۆژی 5 ی مانگی هەشتی ساڵی 2012 دوابەدوای ڕووداوێکی نەخوازراوی پڕ لە تەمومژ، لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شاری سلێمانییەوە بڕیار دەدات نەگەڕێتەوە ماڵێ و دەست بە دوا سەفەری خۆی دەکات.

سەفەر
عیرفان ئەحمەد

بم بەخشە گەر ئێوارەیەک
چرای دڵم لەسەر دڵی تۆ داگیرساند
سنەوبەری دێڕی عومرم، لە پایزی عومری تۆدا
وەراند
دایە سەفەر، سەفەر ، سەفەر
سەفەر لەگەڵ ئەو شیعرانەی لە گەڵای پرتەقاڵ
ئەچن
زستانان نایان وەرێنێ
سەفەر لەگەڵ دڵی ئەو کانیانەی، چاوی
تەڕی عاشقانن
تەمموزان نایان سوتێنێ
من و ئەم خەمە شیرینە، سێوکین و
چەقۆی رۆژگار لەتی کردوین
من و باڵی ئەم نەوڕەسە. فرینێکین
ڕاوچی یەکان فێری بەرزەفڕیان کردوین
بە ترسەوە، وەکو ترسی ئەو گوڵانەی لەسەر
لاڕێکانا دەڕوێن
بە خورپەوە لەگەڵ خورپەی ئەو مەلانەی،
لەناو قەفەسا بەند ئەکرێن
دایە سەفەر.....

عیرفان ئەحمەد

"ئەو ڕۆژەی هەواڵی سەفەری ئەم هاوڕێ دێرینەم خوێندەوە، نەک هەر حەپەسام، ئەبڵەق بووم، دنیا بووە تارمایی، لەو چلەی هاوینەمدا خەریک بوو ڕەق دەبوومەوە، تەلەفونی ئەحمەد ڕەزای شاعیرم کرد، وتی مەخابن هەواڵەکە ڕاستە، وتم ئێ چۆن و بۆ؟؟ ئاخر چۆن دەبێت عیرفان بمرێت؟!! ئیتر خۆیشم نازانم چۆن گەیشتمە دارستانەکە، لەوێ لەگەڵ درەختێکدا بە قوڵپی گریانەوە کەوتینە شیعر خوێندنەوە بۆ ڕۆحی شاعیرێکی سەرسام بە جوانییەکانی مەستی..... نازانم بۆ لەو کاتەدا بە قوڵیی حەزم لە چایەکی شەعب دەکرد، ئێ بۆ نا، دەزانی چەند ڕۆژ لەگەڵ عیرفان و ژمارەیەک هاوڕێی ترماندا لە سوچێکی ئەو چایخانەیەدا خەمی یەکترمان دەخوێندەوە بە دەم جگەرە کێشانەوە، کە هەڵدەستاین بڕۆین، شاخێک دوکەڵی خەمبار و تەنیامان لە پاش جێدەما، دەکەوتینە ڕێ بەرەو ماڵ، سادە سادە دەدواین، باسمان لە جوانیەکان و یادەوریی درەختەکانی باخی گشتی دەکرد، عیرفان دەیگوت دەزانی چی چیرۆکی نهێنی و نەزانراویان لە پێڵوی چاویاندا هەڵگرتووە و ڕەشەباش لێیان دەرناهێنێ و شنەباش بە چرپە لێیان نابیستێ.... منیش لێرە هەر بە یادی ئەوساوە چوومە لای درەختێکی دارستانەکە، کە خەم و مەراق و بێئۆقرەیی و هەنسکی خۆم ڕژانە بەر دەستی، ئەوجا زانیم درەختەکان لەسەر شاباڵی بای وەشت چیی جوان هەیە بۆ یەکتری دەنێرن، من لە ناخەوە دەکوڵام و درەختیش هێدی هێدی گۆرانی (سەفەر) ی بۆ دەچڕیم......."

{{ئەمە بەشێکە لە نوسینەوەی خەمی کۆچ و سەفەرە ناوادەکەی عیرفان ئەحمەد لەو یادەوەریانەی نازانم تەواویان دەکەم یان نا.}}

تەواوی بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا:

Your browser doesn’t support HTML5

ژیان لە فەرهەنگدا: سمکۆ ئەحمەد / بەشی دووهەم