گوتەبێژێکی هێزی هاوپەیمانان بەڕێبەرایەتی ئەمەریکا بۆ شەڕی دژ بە ملیتانەکان ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەمێننەوە " هەتا ئەو کاتەی پێویست بێت" بۆ هاوکاری کردنی سەقامگیرکردنی ئەو ناوجانەی پێشتر لەلایەن داعشەوە کۆنترۆڵ کرابوون.
کۆلۆنێل شێن ڕیان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لە ئەبو دەبی گوتی " ئێمە هێزەکان لەوێ دەهێڵینەوە هەتا ئەو کاتەی هەست بکەین کە پێویستن لەوێ... هۆکاری سەرەکیش هەوڵەکانی سەقامگیری کردنە پاش شکستی داعش لە ناوچەکە و پێویستە ئێمە لەوێ بین بۆ ئەو مەبەستە."
ئەو گوتیشی هەرچەندە ڕەنگە ژمارەی سەربازەکانی ئەمەریکا کەم بکرێنەوە ئەمەش دەکەوێتە سەر ئەوەی چ کاتێک سەربازانی ناتۆ دەگەن بۆ ڕاهێنانی لەشکری عێراقی. گوتیشی نزیکەی 5 هەزارو 200 سەرباز لە ئێستادا لە عێراقن.
وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نزیکەی 2000 سەربازیشی لە سوریا هەن بۆ هاوکاری کردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە ڕێبەرایەتی کوردەکان.
ڕیان گوتی ئێمە هاوکاری زیاتر دەبینین لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی عێراقی چونکە پێشا ئەمان تەنها وەکو هاوپەیمانمان بوون بەلام ئێستا ئێمە وامان کردووە کە ڕاستەوخۆ پێکەوە هاوکاری بکەن.