جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەفغانستان پاش زیاتر لە ساڵێک دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی

کاربەدەستێکی حکومەتی ئەفغانستان ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەفغانستان، لۆردی پێشوی شەڕی ئوزبەک، پاش زیاتر لە ساڵێک بەسەربردنی ژیانی لە تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی.

گوتەبێژی ئۆفیسی سەرۆکایەتی هارون چاخانسوری ڕایگەیاند چاوەڕوان دەکرێت ژەنەڕاڵ عەبدولڕەشید دۆستەم ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە بگاتەوە کابولی پایتەخت.

دۆستەم لە تورکیا لە ژێر چارەسەری تەندروستیدا بوو، ئەو گوتەبێژە ئەوەشی ڕاگەیاند کە لە ئێستادا ڕەوشی تەندروستی باشەو دەست بەکارەکانی دەکاتەوە.

دۆستەم لە ساڵی 2017 لە بارێکی مشتومڕاویدا وڵاتی جێهێشت، پاش ئەوەی ئۆفیسی دادپرسی گشتی لێکۆڵینەوەیەکی دەستپێکرد لەسەر ئەوەی گوایە پشتیوانەکانی هاوپەیمانێکی پێشوویان کە پاشان بووە بە بەرهەڵستی سیاسیان ئەشکەنجە داوە و دەستدرێژی سێکسیان کردۆتە سەری. بە پێی ڕاپۆرتەکان لەو کاتەوە لەلایەن حکومەتەوە ڕێگەی لێگیرابوو بگەڕیتەوە بۆ ئەفغانستان.

هەتا ئێستا ڕوون نییە ئایە دۆستەم ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە لە وڵاتەکەی یان نا.

کاربەدەستێکی ئەفغانی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت گوتویەتی " دەزگای دادوەری ئەفغانستان دەستەیەکی سەربەخۆیە و سەربەخۆیانە کارەکان و ئەرکەکانی خۆی ئەنجام دەدات."

دۆستەم بە ئەنجامدانی تاوانی شەڕیش لە پاش ڕووخانی تالیبان لە ساڵی 2001 تاوانبار کراوە. تەنانەت لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاشەوە ڕەخنەی لەسەر سەرپێچیکردنی مافەکانی مرۆڤ لێگیراوە.