کۆمکاری عەرەب پشـتیوانی لە مەغریب دەکات لە بڕیاری بڕینی پەیوەندیـیەکانی لەگەڵ ئێراندا

کۆمکاری عەرەب پشتیوانی خۆی بۆ مەغریب ڕاگەیاند لەو بڕیارەی داویەتی بۆ بڕینی پەیوەندیـیە دیپـلۆماسیـیەکانی لەگەڵ ئێراندا.

مەحمود عەفیفی گوتەبێژی ئەحمەد ئەبولغەیز سکرتێری گشتی کۆمکاری عەرەب ئەمڕۆ پـێنجشەممە ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی لەگەڵ شانشینی مەغریبدان لە دژی ئێران لەسەر دەستێوەردانی تاران لە کاروباری ناوخۆی مەغریبدا.

گوتیشی بڕیاری کۆنگرەی ئەم دوایـیانەی کۆمکاری عەرەب کە لە مانگی چوار لە شاری زەهرانی عەرەبستانی سعودیـیە بەڕێوەچوو لە بارەی دەستێوەردانەکانی ئێران، هەڵوێستی عەرەبی نیشان دا کە چەندە بەرامبەر ئەو دەستێوەردانانە توندە و کار بۆ ڕێگەگرتن لێیان دەکرێت.

ناسر بورێتە وەزیری دەرەوەی مەغریب ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند وڵاتەکەی بەڵگەی حاشاهەڵنەگری هەیە کە ئێران کارئاسانی بۆ بەرەی پـۆلیساریۆ کردووە لە ڕێگەی حزبوڵڵای لوبنانەوە بۆ بەدەستهێنانی چەک و تەقەمەنی. هەروەها ڕۆژی چوارشەممە گوتی حزبوڵڵا و باڵیۆزخانەی ئێران لە جەزائیر دەستیان هەبووە لە مەشق و ڕاهێنانی چەکدارانی پـۆلیساریۆ لەسەر شەڕی ناوشارەکاندا.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕەتیکردەوە وڵاتەکەی کاری لەو جۆرەی کردبێت، دەڵێت تاران ڕێز لە سەروەری وڵاتان دەگرێت.