مکماستەر: ئاگربەستەکەی سوریا زۆر گرنگە بۆ هەنگاونان بەرەو ئاشتی

ڕاوێژکاری ئاسایشی سەرۆک ترامپ دەڵێت ئەو ئاگەربەستەی لە باشوری ڕۆژئاوای سوریا چۆتە بواری جێبەجێکردنەوە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو ئەوەی لە کۆتاییدا ئاشتی لە هەمو وڵاتەکە بێتەدی.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی هەربەرت ڕەیمۆند میکماستەر ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند لە نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە بە کاتی ناوخۆیی ئەو ئاگربەستە دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

مکماستەر ئەو ئاگربەستەی بە ئەرکێکی سەرەکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ناودێر کرد و گوتی بەڕێوەبەرایەتی ترامپ " خۆشحاڵە بەو پێشوەچوونانەی ئەنجام دراون بۆ گەیشتن بەم ڕێککەوتنە."

مکماستەر گوتیشی " وڵاتە یەکگرتووەکانی پەیوەستە بە شکستپێکدانی داعشەوە، هاوکاری کردن بۆ کۆتایی هێنانی بە ناوکۆکی لە سوریا، کەمکردنەوەی مەینەتییەکانی خەڵکی و هاوکاری کردنی خەڵک تا بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان. ئەم ڕێککەوتنە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو ئامانجێکی هاوبەش."

بڕیاری دانانی ئاگربەستێک لە ڕۆژی هەینی لە میانەی کۆبونەوەی گروپی 20 لە هامبەرگی ئەڵمانیا درا لە نێوان ئەمەریکا و ڕوسیاو ئوردن.

وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سەرگێ لاڤرۆڤ ڕایگەیاند ئەم ئاگربەستە لەلایەن پۆلیسی لەشکری ڕوسیا بە هاوکاری ئەمەریکا و ئوردن چاودێری دەکرێت.