پوتن دڵنیایە لەوەی ترامپ بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە بڕیار دەدات

ڤلادمێر پوتنی سەرۆکی ڕوسیا دەڵێت ئەو دڵنیایە لەوەی کە سەرۆکی هەڵبژێردراو دانۆڵد ترامپ بە زووترین کات هەست بە ئاستی بەرپرسیاریەکانی کارەکەی دەکات.

سەرەڕای لێدوانەکانی سەر بە ڕوسیای ترامپ لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیدا، سیاسەتمەدارانی ڕوسیا نیگەرانی ئەو ڕاپۆرتانەن کە دەڵێن ترامپ بیر لەوە دەکاتەوە مت ڕامنی بکات بە وەزیری دەرەوەی حکومەتەکەی کە ئەویش بە هەڵوێستە توندەکانی بەرامبەر ڕوسیا ناسراوە.

لە میانەی وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفیزیۆنی NTV پوتن دەڵێت ئەوە دڵنیایە لەوەی ترامپ بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە مامەڵە دەکات.

پوتن گوتوشیەتی دەستکەوتە کاردارییەکانی ترامپ ئەوە نیشان دەدات کە پیاوێکی ژیرە.

گوتیشی " جا ئەگەر پیاوێکی زیرەک بێت مانای ئەوەیە زوو لە ئاستە جیاوازەکانی بەرپرسیارێتییەکانی تێ دەگات. و ئێمە چاوەڕوانی ئەوە دەکەین کردارەکانی لە ئەنجامی بیرکردنەوەی باش بێت."