بەرپـرسێـکی ئێرانی: سەنتەرفیوجەکانی یۆرانیۆمان لەکار ڕاگرت

ئاژانسێکی هەواڵی ژاپـۆنی دەڵێت عەلی ئەکبەر ساڵحی سەرۆکی ڕێکخراوی ئەتۆمی ئێران گوتویەتی وڵاتەکەی دەسـتیکردووە بە ڕاگرتنی ئەو سەنتەرفیوجانەی بۆ پـیتاندنی یۆرانیۆم بەکاریان دەهێنێت.

ئاژانسی کیۆدۆ ڕۆژی دووشەممە ئەمەی لە زاری سـاڵحیـیەوە بڵاوکردەوە کە لە ئێسـتادا بە سەردانێـک لە تۆکیۆیە. ساڵحی گوتوشیەتی هەنگاوە سەرەتایـیەکانیان ناوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنەی ئێران لەگەڵ زلهێزانی جیهان پـێی گەیشتووە لە بارەی بەرنامە ناوکیـیەکەیەوە. هەروەها گوتویەتی کەمکردنەوەی ژمارەی ئامێرەکانی سەنتەرفیوج یەکێـکە لەو هەنگاوانە.

بەپـێی ئەو ڕێکەوتنەی لە 14 ی مانگی حەوتدا پـێی گەیشـتوون، دەبێت ئێران لە ژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا چالاکیـیە ناوکیـیەکانی کەمبکاتەوە تاوەکو مسوگەر بکرێت ئێران نەتوانێت چەکی ناوکی دروسـتبکات، لە بەرامبەریشدا سزاکانی سەر ئێران لاببرێن کە بوونەتە مایەی گۆشەگیرکردنی و هەروەها زیانی بە ئابوریـیەکەشی گەیاندووە.

لە پـێشـهاتەیەکیشدا کە نیشانی دەدات ئێران دەسـتی بەو کارە کردووە، 20 ئەندام پەرلەمانی ئێرانی لە توندڕەوەکان نامەیەکیان بۆ حەسەن ڕوحانی سەرۆکی ئێران نووسیوە و تیایدا سکاڵایان کردووە لە بەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی سەنتەرفیوجەکان لە هەردوو دەزگای ناوکی ناتانز و فۆردۆ.