ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی ڕەخنە لە ڕێککەوتنی یەکێتی ئەورپا و تورکیا دەگرێت لەمەڕ پەنابەران

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی داوا لە ڕێبەرانی یەکێتی ئەوروپا دەکات مافی پەنابەران بە نیگەرانی سەرەکی خۆیان دابنێن بۆ پاراستنی سنورەکانیان، لە هەمان کاتدا ڕەخنە لە بەرنامەکەی یەکێتی ئەوروپا دەگرێت بۆ پێدانی یارمەتی بە تورکیا تاکو ئەو پانبەرانەی هەوڵی بە دەستهێنانی مافی پەنابەرێتی دەدەن لە ئەوروپا لەوێ بهێڵنەوە.

بەیاننامەکەی ڕۆژی شەممە لە کاتێکدایە تەنها ڕۆژێک ماوە بۆ سەردانەکەی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرکڵ بۆ تورکیا بۆ پێشکەش کردنی ئەو پێشنازەی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئوردەغان و سەرۆک وەزیر ئەحمەت داڤد ئۆغڵو.

کاربەدەستان دەڵێن ئەم بەرنامەیە یارمەتییەکی بەلایەنی کەم 3 ملیار یۆرۆی تێدایە بۆ هاوکاری کردنی تورکیا هەتا 2 ملیۆن پەنابەر لە خۆ بگرێت. بەمەش ڤیزای ئەورپا ئاسانتر دەکرێت بۆ هاووڵاتیانی تورک و وتووێژەکان بۆ بوون بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا دا خێراتر دەکرێت بۆ تورکیا.