کۆمەڵەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ: داعش لەسەر خواردن لە مانگی ڕەمەزاندا 94 کەسی ئەشکەنجە داوە

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت توانیویەتی 94 حاڵەتی لە خاچدان و دەسـتگیرکردن لە نێو قەفەسی ئاسن و جەڵدکردن تۆماربکات کە داعش لە بەرامبەر خەڵکی ئەنجامیداون لە میانەی مانگی ڕەمەزاندا لەو ناوچانەی داگیریکردوون. دەشڵێت 5 لەو قوربانیـیانە منداڵبوون و دووانیان پـیاوی بە تەمەن بوون. گوناهەکەشیان خواردن بووە لە ڕەمەزاندا.

پاشان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات داعش ئەم تاوانانەی لە نێوان 5 ی مانگی ڕەمەزان کە ڕێکەوتی 22 ی مانگی شەش دەکات هەتا 29 ی مانگی ڕەمەزان کە ڕێکەوتی 16 ی مانگی حەوتە. تاوانەکانیشی لە جادە و گۆڕەپانە گشـتیـیەکاندا ئەنجامداوە لە پارێزگاکانی حەلەب و ڕەققە و دێرئەزور.

هەروەها دەڵێت یەکەم لە خاچدانی بە دوو منداڵ دەسـتیپـێـکردووە. هەروەها 20 کەسیش خراونەتە ناو قەفەسی ئاسنەوە کە یەکێـکیان منداڵبووە. زۆرێـک لە قەفسەکانی لە شوێنە گشـتیـیەکاندا دایانناون و ڕێگەیان داوە خەڵکی سووکایەتی بەو کەسانە بکەن. هەروەها حاڵەتیش هەبووە بۆ سووکایەتیپـێکردن کەسەکەیان لە ناو قەفەسدا بە جادەکاندا گێڕاوە، وەکو ئەوانەی لە شارۆچکەی دێر حافری ڕۆژهەڵاتی حەلەب ئەنجامیاندابوون.