هەرێمى كوردستان بڕیاریداوە بە ناردنى هێزى زیاترى پێشمەرگە بۆ قەزاى خورماتوو بە مەبەستى سنووردانان بۆ ئەو كوشت و بڕەى كە چەكدارە شیعەكان لە ناوچەكە دەستیانپێكردووە، هاوكات حەشدى شەعبیش ژمارەى چەكدارەكانى لەو قەزایە زیادكردووە.
كەریم شكور بەرپرسى بازنەى حەمرین ى یەكێتى نیشتیمانى كوردستان، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"بڕیاردراوە هێزى زیاتر رەوانەى خورماتوو بكرێت ، چونكە حەشدى شەعبى ژمارەى چەكدارەكانى زیادكردووە."
كەریم شكور، ئاماژەى بەوەكرد چەكدارە شیعەكان بە چەک و تەقەمەنیەوە هاتووچۆ دەكەن بە نێو خورماتوودا و بێحورمەتى بە دانیشتوانى قەزاكە دەكەن، وتى"لەمەودوا پێشمەرگە لەنێو قەزاكە بازگە دادەنێت و رێگەیان پێنادات هێز بهێننە نێو خورماتووەوە."
دروستبوونى پشێوى و ئاڵۆزى لەنێوان كورد و شیعە لەخورماتوو ، لەكاتێكدا حكومەتى عێراق 800 گەنجى توركمانى شیعە مەزهەبى رەوانەى ناحیەى ئامرلى كردووە بەمەبەستى مەشقى سەربازى و ، بڕیارە ئەو گەنجانە پڕ چەک بكات و ڕەوانەى خورماتوویان بكاتەوە.
مەلا حەسەن محەمەد ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"رۆژى 18 ى ئەم مانگە وەكو سەرجەم لایەنە كوردیەكان لەگەڵ لایەنە شیعیەكان لە خورماتوو كۆنفرانسێك لەبارەى بارودۆخى ئەمنى ناوچەكەوە دەبەستین."
ناوبراو دەڵێت"لە كۆنفرانسەكەدا داوا لەلایەنە شیعیەكان دەكەین ڕوونكردنەوەمان پێبدەن لە بارەى ئەو كوشت و بڕانەى چەكدارە شیعەكان پێى هەڵدەستن."
بەرپرسانى خورماتوو هۆشدارى دەدەن لە هەڵگیرسانى شەڕى تایەفى و مەزهەبى لە نێوان كورد و شیعەدا لە ناوچەكەیان ، بە تایبەت كە چەكداركردنى توركمانە شیعە مەزهەبەكان بە سەرەتاى دروستبوونى پشێوى لە ناوچەكەیان دەزانن.
Your browser doesn’t support HTML5
ڕاپـۆرتی دڵشاد ئهنوهر