توندوتیژیه‌کان له‌ میسر به‌رده‌وامن

ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێک له‌سه‌ر پردێکی شاری قاهیره‌ پایته‌ختی میسر بۆته‌ مایه‌ی کوژرانی پۆلیسێک و برینداربوونی دوو که‌سیش که‌ له‌وناوه‌دا تێده‌په‌ڕین.

په‌یامنێرێکی ئاژانسی ده‌نگ و باسی ئه‌سیۆشێتد پرێس ده‌ڵێت ته‌قینه‌وه‌که‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرده‌ بووه‌ که‌ ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر گه‌ڕه‌کی جیزه‌ واته‌ شوێنی زۆربه‌ی باڵیۆزخانه‌کانی وڵاتان له‌ قاهیره‌.

ئه‌فسه‌رێکی پۆلیس به‌و مه‌رجه‌ی ناوی نه‌هێنرێت، چونکه‌ مافی لێدوانی نییه‌ بۆ ئاژانسه‌کانی هه‌واڵ گوتوویه‌تی شۆفێری ئۆتۆمبێلێک له‌ به‌رده‌م بنکه‌یه‌کی پشکنینی هێزی پۆلیسدا هێواشی کردۆته‌وه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی بیه‌وێت پرسیار بکات و بۆمبه‌که‌ی هه‌ڵداوه‌.

له‌م جۆره‌ هێرشانه‌دا به‌ زۆری هێزه‌ ئاسایشیه‌کانی میسر ده‌کرێنه‌ نیشانه‌ که‌ له‌ ساڵی 2013 ه‌وه‌ ده‌ستیان پێکردووه‌ پاش ئه‌وه‌ی له‌شکری وڵاته‌که‌ سه‌رۆکه‌ ئیسلامیه‌که‌ی میسری له‌ ده‌سه‌ڵات لادا.