یەکێتى و پارتى دژى گەڕانەوەى مەلا کرێکاران بۆ کوردستان و بزووتنەوەى ئیسلامیش پشتگیرى دەکات

لایەنە سیاسیەکانى هەرێمى کوردستان، بە پێویستى دەزانن مەلا کرێکار ئەمیرى پێشووى ئەنسارولئیسلام رادەستى دادگا بکرێت و دادگا دۆسیەکەى یەکلایى بکاتەوە، لە حاڵەتى گەڕانەوەیدا بۆ هەرێمى کوردستان.

نەجمەدین فەرەج ناسراو بە مەلا کرێکار، ئەمیرى پێشووى ئەنسارولئیسلام بە تاوانى هەڕەشەکردن ، ماوەى دوو ساڵ و دە مانگە لە وڵاتى نەرویج لە زینداندایە و بڕیارە رۆژى 25 ى ئەم مانگە ئازاد بکرێت.

مستەفا چاوڕەش ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"مەلا کرێکار لەلایەن دادگاوە داواکراوە ، بەو پێیەى کاتێک ئەنسارولئیسلام 40 پێشمەرگەیان لە گوندى خێڵى حەمە کوشت ئەو سەرکردەیان بوو."

ناوبراو دەڵێت"هەرچى توندوتیژى و پیاوکوشتن لە ناوچەى هەورامان ڕوویانداوە دەستى مەلا کرێکاریان تێدایە ، بۆیە کەسوکارى شەهیدان رازى نابن هیچ لایەنێک لێی خۆش بێت."

پێشتر خالید ڕەنجدەر براى مەلا کرێکار گەڕاوەتەوە هەرێمى کوردستان و ماوەى چەند هەفتەیەک لە شارى هەولێر ماوەتەوە، ئەو کات ڕاگەیاندنى کوردى هۆکارى گەڕانەوەى براکەى مەلا کرێکاریان بۆ هەولێر گێڕایەوە بۆ ئامادەکارى کردن بۆ رۆیشتنەوەى مەلا کرێکار بۆ کوردستان.

ئومێد خۆشناو سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات دۆسیەى مەلا کرێکار لە هەرێمى کوردستان دەبێت دادگا یەکلایى بکاتەوە، دەڵێت"ئەم دۆسیەیە پەیوەندى بەوەوە نیـیە لایەنێک دژى هاتنەوەى بێت و لایەنێکیش پشتیوانى لە هاتنەوەى بکات، بەڵکو دەبێت ئەمە بۆ یاسا جێبهێڵرێت."

بزووتنەوەى ئیسلامى کە پێش جیابوونەوەى کۆمەڵى ئیسلامى و جوندولئیسلام لە ساڵى 2001 مەلا کرێکار ئەندامى مەکتەبى سیاسى بووە، تەنها لایەنە کە بە ئاشکرا پشتیوانى لە گەڕانەوەى مەلا کرێکار دەکات بۆ هەرێمى کوردستان.

دکتۆر ئەحمەد وەرتێ ئەندامى پێشووى مەکتەبى سیاسى بزووتنەوەى ئیسلامى، ڕەتیدەکاتەوە مەلا کرێکار لە هەرێمى کوردستان گرفتى یاسایى هەبێت، دەڵێت"کێشەى مەلا کرێکار کێشەیەکى سیاسیە ، نەک یاسایى ."

ناوبراو دەڵێت"ئەگەر نیەتى هێنانەوەى مەلا کرێکار بۆ هەرێمى کوردستان هەبێت ، دەبێت زەمینەسازى بۆ بکرێت چونکە لێکتێنەگەیشتن هەیە."

مەلا کرێکار پێشتر لەلایەن وڵاتى ئەردەنەوە بەبێ ئامادەبوونى خۆى و بەتۆمەتى فرۆشتنى دەرمان بە 15 ساڵ زیندانىکردن حوکمدراوە، دواى ئازادکردنى لە زیندان لەترسى ڕادەستکردنەوەى بەو وڵاتە ناتوانێت لە وڵاتى نەرویج دەربچێت.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی دڵشاد ئه‌نوه‌ر