ئیسرائیل ده‌ڵێت توانیویه‌تی خانه‌یه‌کی توندڕه‌وانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ئاشکرا بکات له که‌ناری ڕۆژئاوا و هه‌روه‌ها حه‌وت که‌سی عه‌ره‌ب به تاوانی په‌یوه‌ندی هه‌بوونه‌وه به هێرشی تێرۆرکاری گوناهبار ده‌کات.
شین بیت، ده‌زگای موخابه‌راتی ناوخۆی ئیسرائیل ده‌ڵێت له مانگی یازده و دوازده‌دا گومانباره‌کان ده‌ستگیرکراون، به‌ڵام زانیاریه‌کان به نهێنی هێڵراونه‌ته‌وه تا ئه‌وکاته‌ی به فه‌رمی گوناهبار ده‌کرێن.
ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه گومانباره‌کان به فه‌رمی گوناهبار کران.
ده‌سه‌ڵاتداران ده‌ڵێن ئه‌و عه‌ره‌به ئیسرائیلیانه پیلانیان هه‌بووه تا هێرش بکه‌نه سه‌ر دروزه ئیسرائیلیه‌کان به‌ر له‌وه‌ی بچنه شه‌ڕه‌وه له سوریا.
شین بیت ده‌ڵێت هه‌ر حه‌وت گومانباره‌که دانیان به‌وه‌دا ناوه پێکه‌وه کاریان کردووه بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوێکی سه‌له‌فی جیهادی وه‌ک هاوپه‌یمان بۆ ڕێکخراوی توندڕه‌وی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی.
ئه‌م ده‌زگا ئاسایشیه‌ی ئیسرائیل ده‌ڵێت ته‌مه‌نی گیراوه‌کان له نێوان 22 تا 40 ساڵیدان و له لایه‌ن پارێزه‌ر عه‌دنان عه‌لادین سه‌رۆکایه‌تی کراوه. عه‌دنان خۆی وه‌ها ناساندوه که سه‌رۆکی لقی ڕێکخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیه له فه‌له‌ستین.