ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی لوبنان ده‌ڵێن به‌ره‌ی نوسره‌ی باڵی ئه‌لقاعیده هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتنی سه‌ربازه لوبنانیـیه به بارمته گیراوه‌کانی لای خۆی کردووه، وه‌کو کاردانه‌وه‌یه‌ک له به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی هێزه‌کانی ئاسایشی لوبنان له به‌ندیخانه‌ی ڕۆمیه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی به‌یرووت ڕۆژی دووشه‌ممه ئه‌نجامیاندا.
ده‌ڵێن به‌ره‌ی نوسره به نیازه له ناوچه‌ی قه‌له‌مون یه‌ک له‌و سه‌ربازانه له سێداره بدات که بۆ چه‌ند مانگێـکه دهسـتگیریانکردوون. هه‌روه‌ها به‌ره‌ی نوسره له یه‌کێـک له تویته‌ره‌کانی نووسیویه‌تی چاوه‌ڕوانی هه‌واڵ بن له باره‌ی سه‌ربازه لوبنانیـیه به‌دیلگیراوه‌کان.
به‌ره‌به‌یانی دووشه‌ممه هێزه‌کانی ئاسایشی لوبنان چوونه سه‌ر به‌ندیخانه‌ی ڕۆمیه و له‌وێ ده‌سـتیان به پشـکنین کرد و له ئه‌نجامدا دهسـتگیرا به‌سه‌ر کۆمه‌ڵێـک شت که به قه‌ده‌غه‌کراو له زیندان ناودێریان کرد. هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ک له زیندانیکراوه‌کانیان بۆ شوێنی دیکه گواستووه‌ته‌وه.
ئه‌م هه‌ڵمه‌ته پاش ئه‌وه بوو که لێـکۆڵینه‌وه‌کانی په‌یوه‌ست به دوو ته‌قینه‌وه خۆکوژیـیه‌که‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌ی ناو قاوه‌خانه‌که‌ی جه‌به‌ل موحسن له نزیک شاری ته‌رابلوس، نیشانی داوه پـێشـتر له‌و بهندیخانهوهیه په‌یوه‌ندی ته‌له‌فونی له‌گه‌ڵ یه‌کێـک له خوکوژهکاندا کرابوو.
له‌و دوو ته‌قینه‌وه‌یه که له ناوچه‌یه‌کی عه‌له‌وی باکوری لوبنان کران 9 که‌س کوژران و 37 که‌سی دیکه برینداربوون. به‌ره‌ی نوسره به‌رپـرسیارێتی خۆی لێ ڕاگه‌یاند.