کۆمه‌ڵه‌ی سوریا بۆ چاودێری مافه‌کانی مرۆڤ ده‌ڵێت ڕێبه‌رێـکی داعش که میسری بووه له شارێـکی پارێزگای دێر ئه‌زوری ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا به سه‌ربڕاوی ته‌رمه‌که‌ی دۆزراوه‌ته‌وه.
ڕامی عه‌بدولڕه‌حمان به‌ڕێوه‌به‌ری کۆمه‌ڵه‌که ڕۆژی سێشه‌ممه به ئاژانسی دهنگوباسی ڕۆیته‌رزی گوت ئه‌و که‌سه جێـگری ئه‌میری هێزی حهسبه (پۆلیسی داعش) بووه و ته‌رمه‌که‌ی له نزیک کۆمپانیای کاره‌بای شاری مه‌یادین دۆزراوته‌وه.
پاشان گوتی نازانرێت ئایا داعش خۆی کوشتوویه‌تی یان خه‌ڵـکی شاره‌که یانیش هێزی چه‌کداری دیکه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد جگه‌ره‌یه‌ک به ده‌می کوژراوه‌که بووه و نامه‌یه‌ک له‌سه‌ر ته‌رمه‌که‌ی دانراوه که له‌سه‌ری نووسراوه "شێخ ئه‌مه مونکه‌ره".
کۆمه‌ڵه‌که کوشتنی ئه‌م که‌سه به ڕووداوێـکی گرنگ ناودێرده‌کات، ده‌ڵێت ئه‌مه یه‌که‌م جاره ئه‌ندامێـکی حهسبه به‌و شێوه‌یه بکوژرێت.