دەستگیرکراوێکى داعش شوێنى سێ گۆڕى بە کۆمەڵ بۆ دەزگا ئەمنیەکان ئاشکرا دەکات ، کە قوربانیەکانى ناو ئەو سێ گۆڕە بە کۆمەڵە لەلایەن چەکدارەکانى داعشەوە گوللەبارانکراون و دواتر خراونەتە نێو گۆڕى بەکۆمەڵەوە و بە شۆفڵ داپۆشراون.
بەپێى وتەى بەڕێوەبەرى دەزگاى شەهیدان و ئەنفالکراوەکانى گەرمیان ، گۆڕە بە کۆمەڵەکانى نزیک جەلەولا و سەعدیە 70 رووفاتى تێدایە و سەرجەمیان لەلایەن داعشەوە کوژراون.
جەبار عومەر بەڕێوەبەرى دەزگاى شەهیدانى گەرمیان، بە دەنگى ئەمهریکاى راگەیاند" گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە سەربازگەى کوبراو و نزیک ناوچەى کۆباشى دۆزراونەتەوە، کە لەو ناوچانەدا پـێشتر بارەگاى سەربازى داعشى تێدابووە".
دۆزینەوەى ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانە لە جەلەولا و سەعدیە لە کاتێکدایە ژمارەیەک هاوڵاتى دانیشتووى ئەو دوو ناحیەیە چارەنوسیان نادیارە، ئەمە جگە لە چەند پـێشمەرگهیهکیش کە لەلایەن داعشەوە شوێن بزرکراون.
ئەنوەر حسێن بەڕێوەبەرى ناحیەى جەلەولا ، ئاماژە بەوە دەکات لە نزیک جەلەولا و سەعدیە دوو گۆڕى بە کۆمەڵ بە شێوەیەکى نازانستى و لە رێگەى شۆفڵەوە هەڵدراونەتەوە، دەڵێت"رووفاتى نێو گۆڕە بە کۆمەڵەکان ناناسرێنەوە چونکە هیچ بەڵگەنامەیەکیان پێنیە ، بەڵام سەرجەمیان بەبڕیارى دادوەرى شەرعى داعش لە سەعدیە کوژراون".
شایهنی باسه کەس و کارى ئەو هاوڵاتیانەى کە شوێنبزرکراون لەبەر ئاوارەیىبوونیان دەزگا ئەمنیەکانیان لەدیارنەبوونى رۆڵەکانیان ئاگادار نەکردووەتەوە.
Your browser doesn’t support HTML5