ئه‌ندامێکی سوننه‌ په‌رله‌مان له‌ عێراق ده‌ستگیر ده‌کرێت

کاربه‌ده‌ستانی ئاسایشی عێراقی هه‌ڵیان کوتاوه‌ته‌ سه‌ر ماڵی یاسادانه‌رێکی سوننه‌، له‌ ئاکامدا شه‌ڕوپێکدادان ڕوویداوه‌و براکه‌ی و پێنج که‌س له‌ پاسه‌وانه‌کانی کوژران.
شاره‌زایان ده‌ڵێن ده‌ستگیر کردنی ئه‌حمه‌د ئه‌لعه‌لوانی له‌ ڕۆژئاوای هه‌رێمی ئه‌نبار ڕه‌نگه‌ ببێته‌ هۆی ناڕه‌زایی کۆمه‌ڵگای سوننه‌کان و توندوتیژییه‌کانی وڵاته‌که‌ زیاتریش بکات.
هه‌تا ئاماده‌کردنی ئه‌م هه‌واڵه‌ش ڕوون نییه‌ عه‌لوانی به‌ چ تاوانێک ده‌ستگیر کراوه‌.
ئه‌و به پشتیوانی کردن له‌ خۆپیشانده‌ره‌ سوننه‌کانی دژ به‌ حکومه‌ت به‌ ڕێبه‌رایه‌تی شیعه‌ ناسراوه‌.
ژماره‌یه‌ک له‌ پاسه‌وانی عه‌لوانی و ئه‌ندامانی هێزه‌کانی ئاسایشی عێراقیش له‌و پێکدادانه‌دا بریندار بوون.
شایانی باسه‌ توندوتیژییه‌کانی عێراق به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رچاو زیادیان کردووه‌، له‌وه‌تای ساڵی 2008 وه‌ ساڵی 2013 خوێناوی ترین ساڵ بوو بۆ عێراقییه‌کان.