ئیبراهیم ئه‌بو به‌کر کیتا ده‌بێته‌ سه‌رۆکی داهاتووی مالی و ڕکابه‌ره‌که‌ی پـیرۆزبایی لێ‌ده‌کات

ئیبراهیم ئه‌بو به‌کر کیتا

له‌ گه‌ڕی دووه‌می هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی مالی که‌ ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ سـازکرا، ئیبراهیم ئه‌بو به‌کر کیتا توانی سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر سۆمایلا سیسی ڕکابه‌ری به‌ده‌سـتبهێنێت.
به‌پـێی ئه‌نجامه‌ سه‌ره‌تایـیه‌کان به‌ڕێز کیتا له‌ نێوان 75 بۆ 80 له‌ سه‌دی ده‌نگه‌کانی به‌ده‌سـتهێناوه‌.
جێی ئاماژه‌یه‌ ئه‌بو به‌کر کیتا له‌ لایه‌ن 22 له‌ کۆی 25 کاندیده‌وه‌ پشـتیوانی لێکرا که‌ له‌ گه‌ڕی یه‌که‌مدا شـکستیان هینابوو.
سۆمایلا سیسی لای خۆیه‌وه‌ پـیرۆزبایی له‌ ئه‌بو به‌کر کیتا کرد و له‌سه‌ر تویته‌ره‌که‌ی نووسیو‌یه‌تی خۆی و هاوسه‌ره‌که‌ی چوون پـیرۆزبایی‌یان له‌ به‌ڕێز کیتا سه‌رۆکی داهاتووی وڵاته‌که‌ کردووه‌.
ڕۆژێـک پـێشـتر سیسی ده‌یگوت فرتوفێڵ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌دا کراوه‌ و هه‌روه‌ها خه‌ڵـکی ترسێنراون، به‌ڵام چاودێرانی نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆیی گوتیان سه‌رپـێچیـیه‌کی ئه‌وتۆ نه‌کراوه‌ که‌ له‌ ڕه‌وایی پـرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ که‌م بکاته‌وه‌.
لویس میشێل سه‌رۆکی شـاندی چاودێرانی یه‌کێتی ئه‌وروپا به‌ ئاژانسی ده‌نگ‌وباسی فه‌ڕه‌نسی گوت به‌ پـێی پـێوه‌ره‌ دیموکراسیـیه‌کان هه‌ڵبژاردنه‌که‌ سه‌رکه‌وتوو بووه‌.
فڕانسوا ئۆلاند سه‌رۆکی فه‌ڕه‌نسـا به‌ ته‌له‌فون پـیرۆزبایی له‌ ئه‌بو به‌کر کیتا کرد‌ و بۆی دووپات کرده‌وه‌‌ فه‌ڕه‌نسـا هه‌ر له‌ پاڵ مالیدا ده‌مێنێته‌وه‌ و هه‌موو هه‌وڵێـک ده‌دات بۆ سه‌رخستنی گواستنه‌وه‌ی سیاسی له‌ وڵاته‌که‌دا.
له‌وه‌تای مانگی یه‌کی ئه‌مسـاڵه‌وه‌، فه‌ڕه‌نسـا هێزی له‌شـکری خۆی بۆ مالی ناردووه‌ تاوه‌کو یارمه‌تی هێزه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ بده‌ن له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌کدارانی سه‌ر به‌ ئه‌لقاعیده‌ له‌ باکوری مالیدا.