وتووێژه‌کانی وڵاتانی زلهێز و ئێران سبه‌ی هه‌ینی له‌ کازاخسـتان ده‌سـتپـێـده‌کات

بڕیاره‌ سبه‌ی هه‌ینی له‌ شـاری ئه‌لمائاتی کازاخسـتان نوێنه‌رانی پـێـنج ئه‌ندامه‌ هه‌میشه‌یـیه‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ ئێراندا کۆبـبنه‌وه‌ به‌ مه‌به‌سـتی وتووێژ له‌ باره‌ی به‌رنامه‌ ناوکیـیه‌ مشـتومڕه‌که‌ی تاران.
کاربه‌ده‌سـتانی ڕۆژئاوا هیوادارن ئێران کاردانه‌وه‌ی ئه‌رێنیـیانه‌ی هه‌بێت له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و پـێشـنیارانه‌ی بۆی کرابوو له‌ میانه‌ی گه‌ڕی یه‌که‌می وتووێژه‌کانی ئه‌لمائاتی، ئه‌وه‌ی له‌ مانگی دوودا سـازکران.
وڵاتانی زلهێز که‌ به‌ P5+1 ده‌ناسرێن له‌ گه‌ڕی یه‌که‌می وتووێژه‌کاندا ئاماژه‌یان بۆ ئێران کردبوو که‌وا ده‌شێت‌ سـزاکانی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر تاران سووکبکرێت، ئه‌گه‌ر بێت و کاره‌کانی پـیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئاسـتی به‌رز ڕابگرێت، ئه‌و ئاسته‌ی که‌ شیانی هه‌یه‌ بۆ دروسـتکردنی بۆمبی ئه‌تۆمی به‌کاربهێنرێت.
کاثرین ئاشتۆن به‌رپـرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتی ئه‌وروپا له‌ باره‌ی ئه‌و وتووێژانه‌ی بڕیاره‌ هه‌ردوو ڕۆژی هه‌ینی و شه‌ممه‌ له‌ کازاخسـتان به‌رده‌وامبن، ده‌ڵێت چاوه‌ڕوانین له‌ میانه‌ی ئه‌و وتووێژانه‌‌ به‌ فه‌رمی گوێ‌بیستی وه‌ڵامی ئێران بـبین.
جان کێری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا ڕۆژی سێشه‌ممه‌ داوای له‌ ئێران کرد بیسه‌لمێنێت به‌رنامه‌ ناوکیـیه‌که‌ی بۆ کاری ئاشـتیخوازانه‌یه‌ تاوه‌کو له‌و گۆشه‌گیریـیه‌ ڕزگاری بـبێت و بگه‌ڕێته‌وه‌ نێو کۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تیـیه‌وه‌.
ڕۆژئاوا و ئیسرائیل ده‌ڵێن ئێران ورده‌ ورده‌ له‌ دروسـتکردنی چه‌کی ناوکی نزیک ده‌بێته‌وه‌ و به‌پـێی هه‌ڵـسه‌نگاندنه‌کانی ئێسـتا ئێران سـاڵێـکی ده‌وێت تاوه‌کو توانای دروسـتکردنی ئه‌و جۆره‌ چه‌که‌ی هه‌بێت.
سه‌رۆکی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا براک ئۆباما ئه‌ویش دووباره‌ی کردووه‌ته‌وه‌ که‌وا واشنتن چی پـێویست بێت ده‌یکات بۆ ڕێـگه‌گرتن له‌وه‌ی ئێران خراپـترین جۆره‌ چه‌کی جیهان به‌ده‌سـتبهێنێت.