به‌هۆی گڕگرتن و که‌وتنی باڵۆنێـکی گه‌شـتیاری له‌ میسر 18 که‌س گیانیان له‌ده‌سـتده‌ده‌ن

کاربه‌ده‌سـتانی میسر ده‌ڵێن باڵۆنێـکی گه‌شـتیاری له‌ ناوچه‌ی ئوقسری باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی وڵاته‌که‌ له‌ ئاسـماندا ئاگری گرتووه‌ و له‌ ئاکامدا ته‌قیوه‌ته‌وه‌ و که‌وتووه‌ته‌ خوارێ و بووه‌ته‌ مایه‌ی گیان له‌ده‌سـتدانی 18 که‌س و برینداربوونی 3 که‌سی دیکه‌.
خالید ئه‌لخه‌تیب سه‌رۆکی به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی ته‌نگه‌تاوی له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروسـتی میسر بۆ ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی ئاشـکرا کرد، قوربانیـیه‌کان بریتین له‌ 4 ژاپـۆنی، 9 چینی هۆنگ کۆنگ، دوو فه‌ڕه‌نسی، هه‌نگاریـیه‌ک، به‌ریتانیـیه‌ک و میسریـیه‌ک گیانیان له‌ده‌سـتداوه‌. هه‌روه‌ها دوو به‌ریتانی و یه‌ک میسریش برینداربوون.
باڵۆنه‌که‌ هی کۆمپانیای "سکای باڵۆن" بووه‌ و له‌ به‌رزایی نزیکه‌ی 300 له‌ ئاسـماندا ئاگری گرتووه‌ و له‌ ناوچه‌یه‌کی کشـتوکاڵی له‌ ئوقسر به‌ربووه‌ته‌وه‌.
له‌ پاش ڕووداوه‌ پارێزگاری ئوقسر فه‌رمانی داوه‌ هه‌موو خزمه‌تگوزاریـیه‌کانی باڵۆن له‌ پارێزگاکه‌ی ڕابگیرێت تاوه‌کو ئه‌نجامی لێـکۆڵینه‌وه‌کان، هۆکاری که‌وتنی باڵۆنه‌که‌ نیشـان ده‌ده‌ن.