ئیسرائیل و حه‌ماس له‌سه‌ر ئاگربه‌ست ڕێـکه‌وتن

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی میسر محه‌مه‌د کامل عه‌مرۆ له‌ میانه‌ی کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانی هاوبه‌شـدا له‌گه‌ڵ هێله‌ری کلنتن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا ڕایگه‌یاند که‌وا ئیسرائیل و حه‌ماس به‌ ئاگربه‌ست گه‌یشتن، که‌ کاژمێر 9 ی ئه‌مشه‌وی چوارشه‌ممه‌ به‌ کاتی قاهیره‌ ده‌سـتپـێده‌کات.
هێله‌ری کلنتن لای خۆیه‌وه‌ خۆشحاڵی ئه‌مه‌ریکای ڕاگه‌یاند و گوتی وڵاته‌که‌ی به‌ ڕاگرتنی توندوتیژی و شه‌ڕه‌ موشه‌کی نێوان ئیسرائیل و فه‌ڵه‌سـتینیـیه‌کاندا خۆشحاڵه‌.
پاشـان جه‌ختی کرده‌ سه‌ر سه‌قامگیرکردنی ناوچه‌که‌ و سه‌نگی خستنه‌ سه‌ر ڕێزگرتن له‌ خواسته‌کانی هه‌ردوو گه‌لی ئیسرائیل و فه‌ڵه‌ستین.
وه‌زیری ده‌روه‌ی میسریش گوتی وڵاته‌که‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ هه‌وڵه‌کانی له‌پـێناو دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌چاره‌یه‌کی گشتگیر و ڕه‌وایانه‌ بۆ مه‌سه‌له‌ی فه‌ڵه‌سـتینیـیه‌کان له‌ ڕێگه‌ی به‌رده‌وامبوونی هه‌وڵه‌کانی بۆ نه‌هێشتنی که‌لێنی نێوان فه‌ڵه‌سـتینیـیه‌کاندا.
له‌ واشنتنیش، سه‌رۆک ئۆباما به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ په‌یوه‌ندی ته‌له‌فونی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌که‌ له‌ سه‌رۆک وه‌زیری ئیسرائیل بنیامین نه‌تا‌نیاهو و سه‌رۆک میسر محه‌مه‌د مورسی کرد.
سه‌رۆک ئۆباما سوپاسی بنیامین نه‌تا‌نیاهوی کرد بۆ قایلبوونی به‌ ئاگربه‌سته‌که‌ و هه‌روه‌ها وابه‌سـته‌ی ئه‌مه‌ریکای بۆ دووپاتکرده‌وه‌ له‌ پاراستنی ئیسرائیل و گوتیشی ئیسرائیل مافی خۆیه‌تی به‌رگری له‌خۆی بکات.
پاشان سه‌رۆک ئۆباما سوپاسی محه‌مه‌د مورسی کرد و پـێزانینی خۆی بۆ ده‌ربڕی له‌ باره‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی میسر داونی بۆ گه‌یشتن به‌م ئاگربه‌سته‌. هه‌ردوو سه‌رۆک کۆکبوون له‌سه‌ر گرنگی کارکردن له‌پـێناو گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێـکی به‌رده‌وام بۆ ڕه‌وشی غه‌ززه‌.