کورد به‌نیازه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی موسڵ به‌ یه‌ک لیست به‌شـداری بکات

  • Amir Goran
جیاواز لە ڕابردوو لە هەڵبژاردنى داهاتووى ئەنجومەنى پارێزگاى موسڵ، کورد بە یەک لیست بەشدارى دەکات.
لە کۆبوونەوەیەکى نێوان هەر یەکە لە بەرپرسى لقى 14ى پارتى دیموکراتى کوردستان و هەردوو بەرپرسى مەڵبەندى موسڵى یەکێتى نیشتیمانى و یەکگرتوى ئیسلامى کوردستان تاووتوێى میکانیزمى هەڵبژاردنى داهاتووى ئەنجومەنى پارێزگاى موسڵ کرا. دواجار و بۆ ئەوەى دەنگى کورد لەو ناوچانە هاوشێوەى رابردوو پەرتەوازە نەبێـتەوە بڕیار درا بە یەک لیست بەشدارى لەو هەڵبژاردنەدا بکەن.
سەعید مەمۆزینى بەرپرسى راگەیاندنى لقى 14ى پارتى دیموکراتى کوردستان لە موسڵ بۆ دەنگى ئەمریکا دەڵێت لە داهاتوودا لەگەڵ هەریەکە لە بزوتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵى ئیسلامى و لایەنەکانى تریش کۆدەبینەوە تاوەکو هەموو لایەنێک لە چوارچێوەى یەک لیستدا بۆ ئەو هەڵبژاردنە کۆبکەینەوە.
لاى خۆشیەوە و لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگى ئەمریکا، بەشیر فەتاح گوللى بەرپرسى مەڵبەندى موسڵى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان دەڵێت لەم قۆناغە لە بەرژەوەندى نەتەوەى کورددایە کە یەک هەڵوێست بین، هەر بۆیە بڕیارماندا لەگەڵ لایەنەکانى ترى کوردى بەیەک لیست بەشدارى لەو هەڵبژاردنەدا بکەین.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپـۆرتی ئه‌میر گۆران