وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریکا: پێکدادانی نێوان تورکیا و سوریا بۆی هه‌یه‌ بڵاو ببێته‌وه‌

وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریکا لیۆن په‌نێتا

وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریکا لیۆن په‌نێتا ده‌ڵێت به‌رده‌وامی تێکهه‌ڵکردنی ئاگری تۆپخانه‌ نێوان سوریا و تورکیا نیگه‌رانیه‌کان زیاتر ده‌کات که‌ شه‌ره‌که‌ قوڵتر ببێت و بۆ
ناو وڵاتانی دراوسێ بڵاو ببێته‌وه‌. شه‌ممه‌، په‌نێتا گوتیشی ئه‌مه‌ریکا هه‌وڵی داوه‌ به‌ ڕێگای دیپلۆماسی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت به‌و‌ هیوایه‌ ئه‌م شه‌ره‌ بڵاو نه‌بێته‌وه‌.
تێبینیه‌کانی وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریکا له‌ کاتێکدا دێن که‌ سه‌ره‌ک وه‌زیری تورکیا ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان هوشداری داوه‌ که‌ وڵاته‌که‌ی له‌ شه‌ڕ له‌ گه‌ڵ سوریا دور نیه‌.
شه‌ممه‌، تورکیا و سوریا ناو سنوری یه‌کتریان تۆپباران کرد له‌ کاتێک سه‌رهه‌ڵداوان شه‌ڕی هێزه‌کانی سه‌رۆک بشار ئه‌سه‌دیان له‌ سه‌ر سنور کرد، ترس و نیگه‌رانی زیاتر بوون که‌ ده‌کرێت قه‌یرانه‌که‌ ببێته‌ شه‌ڕێکی هه‌رێمی. هه‌ینی سه‌ره‌ک وه‌زیر ئه‌ردوغان هوشداری دا به‌ سوریا که‌ "پشوو و سوربوونی" تورکیا تاقی نه‌کاته‌وه‌ و گوتی هوشداری دانی ئانکارا هه‌ به‌ قسه‌ نیه‌ ‌و ئه‌م جۆره‌ کردارانه‌ قبوڵ ناکات.