Accessibility links

لەشکری زیمبابوی دەڵێت کودەتای نەکردووە و تەنیا ئامانجی تاوانکارانی نزیک سەرۆکە


لەشکری زیمبابوی دەستی بەسەر دەسەڵاتی وڵاتەکەی گرتووە، بەڵام دەڵێت کودەتای نەکردووە، هەرچەندە بەپـێی سەرچاوەکان سەرۆکی وڵاتەکە و خێزانەکەی دەستبەسەرن.

جەنەڕاڵ سیبۆسیۆی مۆیۆ گوتەبێژی لەشکری زیمبابوی ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیانـنامەیەکدا لەسەر تەلەفیزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی ڕایگەیاند ئەوەی کردوویانە کودەتای لەشکری نیـیە و تەنیا ئامانجیان ئەو تاوانکارانانەیە کە لە دەوری سەرۆک ڕۆبەرت مۆگابین و بوونەتە سەرچاوەی گرفتی خەڵکی و خراپـبوونی ئابوری وڵاتەکە. گوتیشی مۆگابی و خێزانەکەی پارێزراون و هەر کاتێک ئەرکەکەیان بە ئەنجام گەیاند، دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.

گەواهیدەران بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسیان ڕاگەیاند بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە گوێـیان لە تەقەیەکی زۆر بووە لە نزیک کۆشکی سەرۆک مۆگابی لە هەراری پایتەخت.

لەشکری زیمبابوی لە چەند شوێنێکی پایتەخت بڵاوبوونەتەوە و دەستیان گرتووە بە سەر دەزگای پەخشی فەرمی حکومەت، ئەمەش پاش ئەوەی پارتی دەسەڵاتدار کە مۆگابی ڕابەرایەتی دەکات، فەرماندەی لەشکری بە خائین ناودێرکرد.

لە لایەکی دیکە جاکوب زوما سەرۆکی ئەفریکای باشور پەیوەندیـیەکی تەلەفونی لەگەڵ سەرۆک مۆگابی کرد. حکومەتی ئەفریکای باشور ڕایگەیاند سەرۆک مۆگابی لە پەیوەندیـیە تەلەفۆنیـیەکە گوتویەتی بارودۆخی باشە، بەڵام ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە لە ماڵەکەی دەستبەسەرکراوە. سەرۆک زوما بڕیاری داوە شاندێک بۆ زیمبابوی ڕەوانە بکرێت تاوەکو لە نزیکەوە ڕەوشەکەی بۆ ڕوونببێتەوە.

ئەمەریکا لای خۆیەوە لە زاری کاربەدەستێک لە وەزارەتی دەرەوە داوای لە هەموو لایەنە ناکۆکەکانی زیمبابوی کرد بەپـێی دەستور و بە شێوەیەکی ئاشتیانە و هێمنانە کێشەکانیان چارەسەربکەن. گوتیشی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە هەراری بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکات.

جێی ئاماژەیە ڕۆبەرت مۆگابی تەمەن 93 ساڵ ماوەی 30 ساڵە سەرۆکی وڵاتەکەیە و پـێشتریش بۆ ماوەی 7 ساڵ سەرۆک وەزیر بووە.

XS
SM
MD
LG