Accessibility links

زێلێنسکی بەڵێنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیا دەدات


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی بەڵێنیدا بە یارمەتی چەکە پێشکەوتووەکانی ڕۆژئاوا ئەو ناوچانەی ئۆکرانیا بگرێتەوە کە ڕووسیا داگیریکردوون، ئەوەش دوای ئەوەی ڕووسیا کۆنتڕۆڵکردنی سەرانسەری هەرێمی لوهانسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیای ڕاگەیاند.

زێلێنسکی لە وتارێکدا گوتی ڕووسیا سەنگی هێزەکەی خستۆتەسەر هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، وتیشی هێزەکانی ئۆکرانیا بەو چەکە مەودا درێژانە وەڵام دەدەنەوە کە هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا داوییانە بە وڵاتەکە، لەو چەکانەش سیستمی تۆپهاوێژی جووڵەپێکراو کە ئەمەریکا داوییەتی بە ئۆکرانیا.

زێلێنسکی گوتی " ئەو ڕاستییەی کە ئێمە ژیانی سەرباز و گەلەکەمان دەپارێزین ڕۆڵێکی گرنگی هەیە. دووبارە دیوارەکان دروست دەکەینەوە، دووبارە خاکەکە دەگرینەوە، لەسەروو هەمووشییەوە دەبێت ژیانی خەڵکەکە بپارێزرێت."

ڕۆژی یەکشەممە سوپای ئۆکرانیا ڕایگەیاند بڕیاریداوە هێزەکانی لە شاری لیسیچانسکی هەرێمی لوهانسک بکشێنێتەوە، چونکە بەرگریکردن دژی ئەو ژمارە زۆرەی هێزەکانی ڕووسیا " دەبێتە هۆی کەوتنەوەی دەرەنجامێکی کوشندە."

بەرپرسانی ئۆکرانیا چەند جارێک داوایان لە هاوپەیمانان کردووە چەکی زیاتری پێشکەوتوو بدەن بە ئۆکرانیا، تاوەکو بتوانن یەکسان ببنەوە لەگەڵ سوپای ڕووسیادا.

لە سەرەتای داگیرکارییەکەیدا لە ئۆکرانیا، ڕووسیا شکستی هێنا لە کۆنتڕۆڵکردنی کیێڤی پایتەخت و لابردنی سەرۆکی ئەو وڵاتە ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لەسەر دەسەڵات. دواتر سەنگی هێرشەکانی خستەسەر هەرێمی دۆنباس، کە هەریەک لە هەرێمەکانی لوهانسک و دۆنێتسک دەگرێتەوە. کۆمەڵێک شاری دۆنێتسک هێشتا لەژێر دەسەڵاتی ئۆکرانیادا ماونەتەوە.

فەرمانڕەوای هەرێمی لوهانسک سێرهێی گایدای بە ڕۆیتەرزی گوت هیچ شتێکی هەستیار نیە لە لەدەستدانی لیسیچانسکدا، وتیشی ئۆکرانیا پێویستی بەوەیە جەنگەکە بە گشتی بباتەوە، نەک تەنها شەڕی شارێک.

گوتی " زۆر بە ئازارە، بەڵام ئەمە دۆڕاندنی جەنگەکە نیە."

XS
SM
MD
LG