Accessibility links

زێلێنسکی لە وتارەکەیدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ڕووسیا خراپترین تاوانی جەنگی ئەنجامداوە


UKRAINE-CRISIS/UN
UKRAINE-CRISIS/UN

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆییدا وتارێکی پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و تیایدا هێزەکانی ڕووسیای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەنجامدانی " خراپترین تاوانی جەنگ " لە جەنگی جیهانی دووەمەوە تاوەکو ئێستا.

زێلێنسکی لەمیانەی وتارەکەیدا گرتە ڤیدیۆییەکی کورتی پیشاندا و تیایدا لاشەی خوێناوی و سوتاو و بڕدراو دەبیندرا، منداڵیشیان تێدابوو، لاشەکانیش لە شارۆچکەکانی ئێرپین و دیمێرکا و بوچا و شاری ماریوپۆڵ بوون. لەو شوێنانەش ئۆکرانیا ڕووسیای تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی کوشتنی سەدان هاوڵاتی مەدەنی.

دواتر باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڤاسێلی نێبینزیا بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وت هێزەکانی ڕووسیا هاوڵاتیانی مەدەنییان نەکردۆتە ئامانج، وتیشی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەمان کراون درۆن. وتی لەکاتێکدا بوچا لەژێر کۆنتڕۆڵی ڕووسیادا بوو، " هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی ڕووبەڕووی هیچ جۆرە توندوتیژییەک نەبۆتەوە."

زێلێنسکی گومانی لە بەهای ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد کە تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە هیچ شتێک بکات سەبارەت بە داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، چونکە ڕووسیا ئەندامە تیایدا و مافی بەکارهێنانی ڤیتۆی هەیە دژی هەر بڕیارێکی ئەنجومەنەکە
.
زێلێنسکی وتی " ئێمە مامەڵە لەگەڵ وڵاتێکدا دەکەین کە مافی ڤیتۆکەی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەگۆڕێت بۆ مافی بوون بە هۆکاری مردن." داوای چاکسازی کرد لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا و وتی " ڕووسیا دەیەوێت ئۆکرانیا بکاتە کۆیلەیەکی بێدەنگ."

چینی هاوبەشی ڕووسیا کە لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە خۆی بەدوورگرتووە لە زۆرینەی دەنگدانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، باڵیۆزەکەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان ژانگ جون وتی بینینی وێنەی تەرمی هاوڵاتیانی مەدەنی لە شارۆچکەی بوچای ئۆکرانیا " زۆر بێزارکەر بووە." وتیشی داوای پشتڕاستکردنەوەیەک دەکەین لەسەر ئەوەی چی ڕوویداوە.

لەلایەکی دیکەوە هیندستان کە بەشێوەیەکی بەرچاو پشتی بە ڕووسیا بەستووە بۆ کەلوپەلە سەربازییەکان، بە هەمان شێوەی چین خۆی بەدوورگرتووە لە بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرکۆنەی کوشتارییەکانی بوچای کرد و داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆی کرد.

باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڤاسێلی نێبینزیا وتی " ئێمە تەقە لە هاوڵاتیانی مەدەنی ناکەین لەبەر ئەوەی دەمانەوێت تاوەکو بتوانین هاوڵاتی مەدەنی زیاتر ڕزگار بکەین. لەبەر ئەمەیە کە بەخێرایی پێشڕەوی ناکەین وەکو چۆن زۆرێک پێشبینی دەکرد."

باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد وتی وڵاتە زلهێزەکان و ڕابەرانی جیهانی دەبێت " ئازایەتی خۆیان دەربخەن و بەڕووی هەڕەشە مەترسیدار و بێ هۆکارەکەی ڕووسیادا بۆ سەر ئۆکرانیا و جیهان بوەستنەوە."

وتی " هیچ کەس ناتوانێت ببێتە قەڵغانێک بۆ دوژمنکارییەکانی ڕووسیا."

نێبینزیا وەڵامی دایەوە و وتی " هیوادارم هاوەڵەکانمان لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێگە بە خۆیان نەدەن لەلایەن واشنتنەوە یارییان پێبکرێت."

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت نزیکەی 11 ملیۆن هاوڵاتی ئۆکرانی ماڵەکانیان جێهێشتووە، زیاتر لە 4 ملیۆنیان ئۆکرانیایان جێهێشتووە.

بەرپرسی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان مارتن گریفیث وتی لانی کەم 1430 هاوڵاتی مەدەنی لە ئۆکرانیا کوژراون، 121 کەسیان منداڵ بوون.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش هۆشداریدایە ئەنجومەنی ئاسایش و وتی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا یەکێکە لە گەورەترین کێشەکان کە ڕووبەڕووی جیهان بووەتەوە " ئەوەش بەهۆی سروشت و چڕی و دەرەنجامەکانیەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG