Accessibility links

زێلێنسکی: بەهۆی هێرشێکەوە بۆ سەر وێستگەیەکی شەمەندەفەری ئۆکرانیا لانیکەم 15 کەس گیانیان لەدەستداوە


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی دەڵێت بەهۆی هێرشێکی موشەکی ڕووسیاوە بۆ سەر وێستگەیەکی شەمەندەفەر لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لانیکەم 15 کەس گیانیان لەدەستداوە و 50 کەسی دیکە برینداربوون.

لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆییدا سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی وت موشەکەکان شەمەندەفەرێکیان لە شارۆچکەی چاپلین کردۆتە ئامانج کە 145 کم لە ڕۆژئاوای دۆنێتسکەوەیە. وتیشی چوار عەرەبانەی شەمەندەفەرەکە گڕییان گرتووە.

ڕۆژی چوارشەممە ئۆکرانیا یادی ڕۆژی سەربەخۆیی وڵاتەکەی کردەوە و زێلێنسکی پێشتر هۆشداری دابوو لەسەر ئەوەی ڕووسیا ڕەنگە هەوڵ بدات ئاهەنگەکان تێکبدات.

زێلێنسکی گوتی " ئێستا چوار عەرەبانەی شەمەندەفەرەکە گڕییان تێبەربووە، تاوەکو ئێستا لانیکەم 15 کەس کوژراون و 50 کەسی دیکە برینداربوون."

گوتیشی " تیمەکانی فریاکەوتن کاردەکەن، بەڵام بەداخەوە ڕەنگە ژمارەی گیان لەدەستدانەکان زیاتر ببێت."

ڕووسیا چەند جارێک ڕەتی کردۆتەوە هێزەکانی هاوڵاتیانی مەدەنییان لە ئۆکرانیا کردبێتە ئامانج. لە مانگی چواردا بەرپرسێکی ئۆکرانیا وتی بەهۆی هێرشێکی موشەکی ڕووسیاوە بۆ سەر وێستگەیەکی شەمەندەفەری شارۆچکەی کراماتۆرسک لانیکەم 57 کەس کوژران.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG