Accessibility links

سەرۆکی ئۆکرانیا سەرۆکی ئاسایش و داواکاری گشتی باڵای وڵاتەکە لە کارەکانیان دووردەخاتەوە


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی فەرمانێکی دەرکرد بۆ لەکارلابردنی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی بەهێزی ناوخۆی ئۆکرانیا و داواکاری گشتی وڵاتەکە.

زێلێنسکی فەرمانیکرد هەریەک لە سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئۆکرانیا ئیڤان باکانۆڤ و داواکاری گشتی ئۆکرانیا ئایرینا ڤێنێدیکتۆڤا لەکارەکانیان دووربخرێنەوە. باکانۆڤ هاوڕێی منداڵی زێلێنسکییە و ڤێنێدیکتۆڤاش ڕابەرایەتی هەوڵەکانی دەکرد بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی جەنگی ڕووسیا لە ئۆکرانیا. ماڵپەڕی فەڕمی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا فەرمانەکانی بڵاوکردەوە.

زێلێنسکی ڕایگەیاند هۆکاری دەرکردنی دوو بەرپرسە باڵاکە ئەوە بووە دۆسییەکی زۆر دەرکەوتوون کە ئاماژە بەوە دەدەن ئەندامانی دەزگاکانیان هاریکارییان لەگەڵ ڕووسیادا کردووە.

زێلێنسکی گوتی 651 دۆسییەی ناپاکی و هاریکاریکردن لەگەڵ ڕووسیادا دژی بەرپرسانی ئۆفیسی داواکاری گشتی و بەرپرسانی دەزگای ئاسایش کراونەتەوە، زیاتر لە 60 بەرپرسی دەزگاکانی باکانۆڤ و ڤێنێدیکتۆڤا ئێستا لە ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیا دژی ئۆکرانیا کاردەکەن.

گوتیشی " زۆریی ئەو تاوانانە دژی بناغەی ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەکە، پرسیاری زۆر جددی لەسەر سەرکردە پەیوەندیدارەکان دروست دەکات." هەروەها " هەموو ئەم پرسیارانە وەڵامی گونجاو وەردەگرنەوە."

زێلێنسکی ئۆلێکسی سیمۆنینکۆی وەکو داواکاری گشتی نوێی ئۆکرانیا دەستنیشان کرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG