ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە کۆشکی سپی میوانداری سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی دەکات، زێلێنسکی لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی پلانەکانی دەکات بۆ سەرکەوتن لە جەنگەکەدا دژی ڕووسیا، لە کاتێکدا کە کۆمارییەکانی ئۆکرانیا تۆمەتباری دەکەن بە تۆمەتی " دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی " ئەمەریکادا.
بڕیارە زێلێنسکی بە جیا لەگەڵ بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا و جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامڵا هێرسدا کۆببێتەوە، ئەوەش دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بایدندا. بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ پلانێک ڕانەگەیەندراوە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا، ترامپ لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ڕەخنەکانی زیاتر کرد لەسەر ئەوەی کە ئەمەریکا بەردەوامە لە " پێدانی ملیاران دۆلار بە پیاوێک کە ڕەتی دەکاتەوە ڕێککەوتنێک بکات " بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە.
هاوکات کۆمارییەکانی کۆنگرێسی ئەمەریکا داوا دەکەن سەرۆکی ئۆکرانیا باڵیۆزی ئۆکرانیا لە ئەمەریکا ئۆکسانا مارکارۆڤا لە کارەکەی دووربخاتەوە، ئەوەش لەسەر ڕێکخستنی سەردانەکەی ڕۆژی دووشەممەی زێلێنسکی بۆ کارگەیەکی تەقەمەنی لە ویلایەتی پێنسلڤانیا، ئەو ویلایەتەش لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی مانگی یانزەی ئەمەریکادا کێبڕکێیەکی قورسی لەسەر دەکرێت.
لە نامەیەکدا بۆ زێلێنسکی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا مایک جۆنسنی کۆماری وتی سەردانەکە بۆ کارگەکە کە تەقەمەنی بۆ ئۆکرانیا دروست دەکات " کەمپینێکی تاکلایەنە بووە کە ئامانج لێی یارمەتیدانی دیموکراتەکان بووە " و دەگاتە ئاستی " دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا."
جۆنسن وتی " هەمووان پشتیوانی کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا دەکەن، بەڵام پەیوەندییەکانمان بەبێ ئەوەی پێویست بکات تاقیکرانەوە و لکەدار بوون کاتێک بەربژێرەکانی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە میدیاکانەوە لەلایەن بەرپرسانی حکومەتەکەی تۆوە دەکرێنە ئامانج."
ڕۆژی چوارشەممە ترامپ وتی بایدن و هێرس خەتابارن لە درێژکردنەوەی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیادا کە ڕووسیا لە مانگی دووی ساڵی 2022 دا دەستیپێکرد.
ترامپ وتی " بایدن و کامڵا ڕێگەیاندا ئەمە ڕووبدات لە ڕێی پێدانی پارە و تەقەمەنی بە زێلێنسکی زۆر زیاتر لە هەر وڵاتێکی دیکە." وتیشی کیێڤ دەبێت سازشی بکردایە بۆ مۆسکۆ پێش ئەوەی هێزەکانی ڕووسیا هێرش بکەن، وتیشی ئۆکرانیا ئێستا " لە کاولیدایە " و لە هیچ پێگەیەکدا نیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کۆتایی هێنان بە جەنگەکە.
وتی " هەر ڕێککەوتنێک کە ئەگەر خراپترین ڕێککەوتنیش بووایە، باشتر بوو لەو دۆخەی کە ئێستا هەمانە."
پێش سەردانەکەی زێلێنسکی، بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا یارمەتییەکی نوێی بە بڕی 8 ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا ڕاگەیاند. بایدن لە بەیاننامەیەکدا وتی یارمەتییە باتری موشەکی پاتریۆت و موشەک و تەقەمەنی ئاسمان بۆ زەوی و بۆمبی ورد لە خۆدەگرێت.
بەڕێوبەرایەتییەکە مەشقەکانیش درێژ دەکاتەوە بۆ فڕۆکەوانە ئۆکرانیاییەکان لەسەر فڕۆکەی F-16 و ساڵی داهاتوو 18 فڕۆکەوانی دیکە وەردەگرن.
بایدن وتی " نزیکەی سێ ساڵە ئەمەریکا هەوڵیداوە جیهان ڕازی بکات لە پاڵ گەلی ئۆکرانیادا بوەستن لە کاتێکدا کە بەرگری لە سەربەخۆیی خۆیان دەکەن دژی دوژمنکارییەکەی ڕووسیا، هەروەها ئەرکی پێشینەی بەڕێوبەرایەتییەکەم بووە بۆ دابینکردنی ئەو پشتیوانییەی کە ئۆکرانیا پێویستی بووە بۆ سەرکەوتن."
زێلێنسکی سوپاسی ئەمەریکای کرد و وتی یارمەتییە نوێیەکە " کەلوپەلی تێدایە کە زۆر گرنگن بۆ پاراستنی خەڵکەکەمان."
وتی " ئەم یارمەتییە بە کاریگەرترین و ڕوونترین شێوە بەکاردەهێنین بۆ بە دەستهێنانی ئامانجە سەرەکییە هاوبەشەکەمان: سەرکەوتن بۆ ئۆکرانیا و دادپەروەرییەک و ئاشتییەکی هەمیشەیی و ئاسایشی جیهان."
بایدن و زێلێنسکی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماوەیەکی کەم پێکەوە قسەیان کرد و زێلێنسکی سوپای بایدنی کرد لەسەر پشتیوانییەکەی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا و زانیاری نوێیدا سەبارەت بە دۆخی هێڵەکانی پێشەوەی جەنگەکە.
لە نێو ئەو بابەتانەدا کە پێشبینی دەکرێت لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی پێنجشەممەدا باس بکرێن داواکەی ئۆکرانیایە بۆ بەکارهێنانی چەکە مەودا دوورە ڕۆژئاواییەکان بۆ بە ئامانجکردنی ئامانجەکانی ناو قووڵایی ڕووسیا. سەرکردەکانی ئۆکرانیا دەڵێن ئەو جۆرە هێرشە ئاسمانییانە پێویستن بۆ لە ناوبردنی توانای ڕووسیا بۆ ئەنجامدانی هێرشی ڕۆژانەی موشەکی و دڕۆن بۆ سەر ئۆکرانیا.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا