Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئێران پێی وایە سەرۆک ترامپ جەنگی ناوێت


لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆیتەرز، وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف وتی پێی وانیە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ جەنگی لەگەڵ ئێراندا بوێت بەڵکو پێدەچێت ڕاکێشرابێتە ناو ململانێکانەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنەکەدا لە بنکەی نوێنەرانی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک وتی " پێم وانیە ئەو جەنگی بوێت، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە ڕاناکێشرێتە ناوەوە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە."

زەریف وتی پێدەچێت " تیمی بی" کە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن بۆڵتن و سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو دەگرێتەوە هانی سەرۆک ترامپیان دابێت بێتە ناو ململانێکانەوە لەگەڵ ئێراندا.

وتیشی " ئەوانەی سیاسەتەکانی ئێستایان کێشاوە چارەسەرێکیان ناوێت کە لەڕێی وتوێژەوە ببێت. بەڵام با بەڕوونی ئەمەتان پێبڵێم ئێران ڕووبەڕووبووەی ناوێت بەڵام خۆشی ناشارێتەوە لە بەرگریکردن لە خۆی."

دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو سەرۆک ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران کشایەوە و سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئەو وڵاتەدا، گرژییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە زیاتر بوون. لەم مانگەشدا ئەمەریکا سوپای پاسدارانی ئێرانی خستە ناو لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانەوە و داوای لەو وڵاتانە کرد کە نەوتی ئێران دەکڕن تا مانگی پێنج چیتر ئەو نەوتە نەکڕن ئەگەر نا ئەوا ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە.

زەریف وتی وڵاتەکەی بە ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەو سیاسەتانەی ئەمەریکادا دەکات کە تاران پێی وایە مەترسیدارن. بۆ نموونە وتی ئێران ڕێگە بە کەشتیە جەنگییەکانی ئەمەریکا دەدات بە هوڕمزدا بپەڕنەوە کە گرنگترین خاڵی تێپەڕبوونی نەوتە لە جیهاندا.

زەریف بڕیارەکەی ئەمەریکای سەبارەت بە سوپای پاسدارانی ئێران بە گەمژانە ناودێر کرد، بەڵام ئاماژەی بەوەدا ئێران بەنیاز نیە وەڵامی سەربازییانە بداتەوە ئەگەر ئەمەریکا یاساکانی پێکدادان نەگۆڕێت. هەروەها سوپای ئەمەریکاش هیچ ئاماژەیەکی بەوە نەداوە لەسەر ئەوەی ڕەفتارەکانی بگۆڕێت دوای ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێرانی خرایە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانەوە.

زەریف وتی " ژیرانە مامەڵە دەکەین بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە ئەگەر ئەمەریکا یاساکانی پێکدادانی بگۆڕێت و یاساکانی یارییەکەی بگۆڕێت دەتوانێت بەسەرییەوە بچێت."

سەبارەت بە سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر تاران، زەریف وتی ئێران نەرمی نیشان دەدات لەبەردەم سزاکانی ئەمەریکادا و وتی " مەبەستم ئەوەیە هەمیشە ڕێگەیەک هەیە بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان. دکتۆرامان هەیە لەو بوارەدا."

ڕۆژی دووشەممە ئەمەریکا داوای لەو وڵاتانە کرد کە نەوتی ئێران دەکڕن کە تاوەکو مانگی پێنج چیتر نەوتی ئێران نەکڕن ئەگەر نا ئەوا ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە.

زەریف دانی بەوەدانا کە سزاکان بۆ سەر کەرتی نەوت زیان بە هاوڵاتیە ئاساییەکانی ئێران دەگەیەنێت و وتی حکومەت هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی تاوەکو بتوانێت پشتیوانی هاوڵاتیانی بێت.

کاتێکیش پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی کە ئێران نەوت بە کێ دەفرۆشێت، زەریف وتی " ئەگەر پێتان بڵێم ئەوا چیتر ناتوانین پێیان بفرۆشین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG