Accessibility links

دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی: هێڵی کارەبای وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا دووبارە پچڕاوەتەوە


دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی دەڵێت دووبارە هێڵی کارەبای وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا پچڕاوەتەوە، بەڵام لەڕێی هێڵێکی یەدەگەوە هێشتا کارەبا دەدات بە سیستمەکە.

دەزگاکە وتیشی لە شەش ڕیاکتەرەکەی وێستگەکە تەنها یەک ڕیاکتەر کاردەکات.

وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا بە شەش ڕیاکتەرەکەیەوە گەورەترین وێستگەیە لە ئەوروپادا. لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا وێستگەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی ڕووسیادایە و بووەتە یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ململانێکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا.

لە ئێستادا شارەزایانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی لە وێستگەکەدان و کارمەندە ئۆکرانییەکانی ناو وێستگەکە پێیان ڕاگەیاندوون کە چوارەمین هێڵی کارەبای وێستگەکە کە 750 کیلۆڤۆڵتە پچڕاوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا سێ هێڵەکەی دیکە پچڕاون.

دەزگاکە وتیشی هێڵێکی یەدەگی کارەبا هەیە کە کارەبا دەدات بە سیستمەکە.

وتیشی " یەکێک لە ڕیاکتەرەکان هێشتا کار دەکات و کارەبا بەرهەم دەهێنێت بۆ ساردکردنەوە و چالاکییە سەرەکییەکانی دیکەی پارێزراوی و دابینکردنی کارەبای ماڵان و کارگەکان و شوێنەکانی دیکە."

هەفتەی ڕابردوو بۆ یەکەمین جار لە مێژوویدا هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا بۆ وێستگەکە پچڕان، ئەوەش بووە هۆی پچڕانی هێڵەکانی کارەبا لە کۆمەڵێک هەرێمی ئۆکرانیادا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG