دوای دوو مانگ لە کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان زەڵمای خەلیلزاد دەستی لەکارەکەی کێشایەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن دەست لەکارکێشانەوەی زەڵمای خەلیلزادی ڕاگەیاند و وتی تۆماس وێستی جێگری شوێنەکەی دەگرێتەوە.
بلینکن وتی " سوپاسی دەکەم لەسەر ئەو خزمەتەی پێشکەشی خەڵکی ئەمەریکای کردووە."
لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا و لەژێر دەسەڵاتی سەرۆک بایدن و سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا، زەڵمای خەلیلزاد وەکو نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان کاریکردووە.
بەرلەوەش لەژێر دەسەڵاتی سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا جۆرج دەبلیو بوشدا وەکو باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەفغانستان و عێراق کاریکردووە.
خەلیلزاد کە لە ئەفغانستان لەدایک بووە، ڕووبەرووی ڕەخنە بۆوە لەسەر چۆنێتی سەرپەرشتیکردنی گفتوگۆکان لەگەڵ تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستاندا لە ساڵی 2018 دا.
خەلیلزاد شکستی هێنا لەوەدا کە حکومەتی پێشووی ئەفغانستان و تاڵیبان ڕازیبکات دەسەڵاتەکان دابەش بکەن، بەڵام لە مانگی دووی ساڵی 2020 دا بەشداری گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و تاڵیبانی کرد، کە دواتر بووە هۆی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان.
لە نامەکەیدا بۆ بلینکن. خەلیلزاد دانی بەوەداناوە کە نەیتوانیوە حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان ڕازیبکات دەسەڵات لەنێوانیاندا دابەش بکەن.
لە نامەکەیدا دەڵێت " ڕێکەوتنی سیاسیی نێوان حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان بەوشێوەیە نەڕۆیشت کە مەزەندە کرابوو."
وتیشی " هۆکاری ئەوە زۆر ئاڵۆزە و لە ڕۆژان و هەفتەکانی داهاتوودا بۆچوونەکانی خۆم دەخەمە ڕوو."
خەلیلزاد لە نامەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات " ئێستا کاتەکەی گونجاوە بۆ دەست لەکارکێشانەوەم، ئەمەریکا ئێستا لە پەیوەستگەیەکدایە کە لێوەی دەچینە قۆناغێکی نوێوە لە سیاسەتماندا بەرامبەر ئەفغانستان."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا