Accessibility links

خێزانەکەی ناڤاڵنی داوا لە ڕووسیاییەکان دەکات دژی پوتن شەڕ بۆ ئازادی بکەن


یولیا ناڤالنایا
یولیا ناڤالنایا

خێزانەکەی ئالیکسی ناڤاڵنی ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ڕووسیا کە ڕۆژی هەینی ڕابردوو لە زیندانێکی ڕووسیادا گیانی لە دەستدا، دەڵێت بەردەوام دەبێت لە شەڕەکەی هاوسەرەکەی بۆ " ڕووسیایەکی ئازاد " و داوای لە لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆن کرد زیاد لە هەموو کات ڕووبەڕووی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن ببنەوە.

داواکەی ناڤالنایا لە دەرەوەی ڕووسیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پوتن کەمتر لە مانگێک دێت پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ڕووسیا کە پێشبینی دەکرێت پوتن بۆ خولێکی دیکەی شەش ساڵیی وەکو سەرۆکی ئەو وڵاتە هەڵبژێردرێتەوە.

ناڤالنایای تەمەن 47 لە ڤیدیۆیەکی نۆ خولەکیدا کە پڕ بوو لە توڕەیی وتی پوتن هاوسەرەکەی کوشتووە و ئەوەش نیوەی دڵی بڕیوە و دوو منداڵەکەی بێبەش کرد لە باوکییان.

ناڤالنایا لە ڤیدیۆکەدا بە ناونیشانی " بەردەوام دەبم لە کارەکانی ئالێکسی ناڤاڵنی " وتی " دەمەوێت لە ڕووسیایەکی ئازاددا بژیم، دەمەوێت ڕووسیایەکی ئازاد دروست بکەم."

وتی " داواتان لێدەکەم لە پاڵ مندا بوەستن، داواتان لێدەکەم لەگەڵ مندا توڕە بن. توڕە بن، ڕق و کینەتان هەبێت دژی ئەو کەسانەی کە داهاتوومان دەکوژن."

ڕوون نیە ناڤالنایا لە کوێوە قسەی دەکرد بەڵام لە ڕووسیا نەبوو. ناڤالنایا بڕیار بوو ئامادەی کۆبوونەوەیەکی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بێت لە بڕۆکسل، یەکێتییەکە پێشنیاری سەپاندنی کۆمەڵێک سزای نوێی کردووە بۆ سەر ڕووسیا بەهۆی مەرگی ناڤاڵنییەوە.

ناڤالنایا بەرپرسانی ڕووسیای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی شاردنەوەی لاشەی ناڤاڵنی و چاوەڕێکردنییان تاوەکو شوێنەواری دەرمانی ژەهری نۆڤیچۆک لەسەر لاشەکەی نامێنێت. ناڤاڵنایا لەو بارەیەوە هیچ بەڵگەیەکی نەخستەڕوو بەڵام تیمەکەی وردەکاریی ئەوە بڵاودەکەنەوە کە کێ هاوسەرەکەی کوشتووە.

ناڤاڵنایا وتی " ڤلادیمیر پوتن هاوسەرەکەمی کوشت. بە کوشتنی ئالێکسی، پوتن نیوەی منی کوشت، نیوەی دڵم و نیوەی ڕۆحم."

وتی " بەڵام هێشتا نیوەکەی ترم ماوە، پێم دەڵێت مافی ئەوەم نیە کۆڵ بدەم. بەردەوام دەبم لە کارەکانی ئالێکسی ناڤاڵنی، بەردەوام دەبم لە شەڕکردن بۆ وڵاتەکەمان."

پوتن هیچ لێدوانێکی نەداوە سەبارەت بە مەرگی ناڤاڵنی، کاتێک پرسیار لە وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ کرا سەبارەت بەوەی کاردانەوەی پوتن چۆن بووە بۆ هەواڵی مەرگی ناڤاڵنی، وتی " هیچ شتێکم نیە زیادی بکەم."

ڕۆژئاوا و لایەنگرانی ناڤاڵنی دەڵێن پوتن بەرپرسە لە مەرگی ناڤاڵنی. کرێملن ڕەتی کردووەتەوە دەستی هەبووبێت لە مەرگی ناڤاڵنیدا و دەڵێت بانگەشەکانی ڕۆژئاوا لەسەر ئەوەی گوایە پوتن بەرپرس بووە لەوە جێی قبووڵکردن نیە.

زیاتر لە 10 ساڵە ناڤاڵنی بووەتە کەسێکی دیاری ئۆپۆزسیۆن لە ڕووسیادا و بەردەوام ڕەخنەی لە کرێملن گرتووە و گەندەڵییەکانی بەرپرسانی ڕووسیای ئاشکرا کردووە.

ناڤاڵنی دیارترین کەسایەتی ئۆپۆزسیۆن بوو لە وڵاتەکەدا، دوای ئەوەی لە ساڵی 2020 دا لە سایبیریا ژەهراویکرا و گەڕایەوە بۆ ڕووسیا، ڕێزی خەڵکەکەی بە دەستهێنا. ناڤاڵنی وتی تیمێکی ڕووسیایی ژەهراوییان کردووە، کرێملنیش ئەوەی ڕەت کردەوە.

بەردەوامیدان بە شەڕەکەی ناڤاڵنی قورس و مەترسیدارە.

هەر هەوڵێک بۆ ڕابەرایەتیکردنی ئۆپۆزسیۆن لە ناو ڕووسیادا بە دڵنیاییەوە ڕووبەڕووی دەستگیرکردن دەبێتەوە، بەڵام هەر ڕابەرێکی ئۆپۆزسیۆن ئەو کارە لە دەرەوەی ڕووسیا بکات ئەوا مۆسکۆ وەکو بووکەڵەیەکی بیانی ژێر فەرمانی هەواڵگرییەکانی ڕۆژئاوا ناوی دەبات.

بەرپرسی توێژینەوەی کلتوری کۆمەڵایەتی لە ناوەندی پۆلستەر لیڤادای ڕووسیا، ئالێکسا لیڤینسۆن دەڵێت " ئەگەر ناڤالنایا ئەمە لە ناو ڕووسیادا بکات، چانسێکی زۆر دەبێت بخرێتە ئەو شوێنەوە کە هاوسەرەکەی تێدا بوو."

وتی " ئەگەر ئەمە لە دەرەوە بکات، کاریگەرییەکەی هەمان شت دەبێت، بۆ هەموو ئەوانەشی کە هەوڵ دەدەن لە دەرەوە کاریگەریی دروست بکەن لەسەر پڕۆسەکانی ناو ڕووسیا، بە بۆچوونی من هیچ شتێک بە دەست ناهێنن."

بەرپرسانی ڕووسیا ناڤاڵنی و لایەنگرەکانی بە توندڕەو ناوبردووە و دەڵێت پەیوەندییان بە دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکاوە هەیە و هەوڵی ناجێگیرکردنی ڕووسیا دەدەن. مۆسکۆ لە ڕووی یاساییەوە زاڵ بووە بەسەر بزووتنەوەکەی ناڤاڵنیدا.

ناڤالنایا کە دەرچووی زانکۆی پلیخانۆڤی ئابووری ڕووسیایە، هەمیشە پشتیوانی لە هاوسەرەکەی کردووە لە شەڕیدا دژی بەرپرسانی ڕووسیا، ئامادەی زۆربەی دانیشتنەکانی دادگا بووە و لە گردبوونەوەکانیشدا لە پاڵیدا وەستاوە و چەندین جاریش کە ناڤاڵنی زیندانی کراوە چاوەڕێی کردووە ئازاد بکرێت. بەڵام هەمیشە ڕۆڵێکی پشتیوانی هەبووە.

ناڤاڵنایا لە ڤیدیۆکەدا وتی " دەزانم چیتر ڕێی تێناچێت بەردەوامی بدەیت بە خەباتەکە، بەڵام ئێمە زیاترمان دەوێت. دەمانەوێت هەمووان پێکەوە کۆبکەینەوە بە یەک مشتی بەهێز لە ڕژێمە شێتەکە بدەین، پوتن و هاوڕێکانی و چەتەکان لە پۆشاکی سەربازیدا، دزەکان و بکوژەکان کە وڵاتەکەمانییان پەکخستووە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG