Accessibility links

سیپان حەمۆ : دیلێکی زۆری بیانی شەڕی دژی داعشمان لان


سەرکردەی ئەو هێزە کوردیەی سوریا کە هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی بە سەرکردایەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پشتیوانی دەکات لە شەڕی دژی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامیدا، دەڵێت ژمارەیەکی زۆری جەنگاوەرانی بیانی کە لە شەڕەکاندا بە دیل گیراون لای هێزەکانیەتی و دەشڵێت هیچ یەکێک لە وڵاتەکانیان نایانەوێت بگەڕێندرێنەوە.

سیپان حەمۆ، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی تەلەفونیدا بە پەیامنێرانی وتووە زیاتر لە نیوەی ئەوانەی لە شەڕەکانی دژی داعشدا لە سوریا دەستگیرکراون، خەڵکی وڵاتانی ترن وەک وڵاتانی ئەوروپایی و ڕوسیا و چین و ژاپۆن و هەروەها وڵاتانی عەرەبی.

هەر لەو لێدوانە ڕۆژنامەوانییەیدا سیپان حەمۆ، باسی لەوەش کردووە زۆربەی چەکدارە خۆجێیەکانی داعش ناچارکراون تا کار لەگەڵ داعشدا بکەن.

سیپان حەمۆ، هیچ ژمارەیەکی دیاریکراوی دیلەکانی داعشی ڕانەگەیاندووە، بەڵام دەڵێت مانەوەیان لە گرتوخانەکاندا بارێکی گرانە.

لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بەوەی ئایا وڵاتەکانی ئەو چەکدارە بیانیانەی داعش دەیانەوێت وەریان بگرنەوە یان نا؟ سیپان حەمۆ لە وەڵامدا وتوویەتی "بەڕاستی نازانین ئایندەیان چی دەبێت."

XS
SM
MD
LG