Accessibility links

ئایا ماست دەتوانێت مەترسی جۆری دووەمی شەکرە کەم بکاتەوە؟

yogurt
yogurt

ڕەنگە کڕیارانی چاو تیژ لە خواردن و خواردنەوەدا سەرنج بدەنە لەیبڵە نوێیەکانی بەشی شیرەمەنیەکان کە باس لەوە دەکەن ماست بۆ کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم کاریگەرە.

ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا لەم دواییانەدا ڕایگەیاندووە کە بەرهەمهێنەرانی ماست دەتوانن ئەو بانگەشەیە بکەن، تەنانەت ئەگەر دەرکەوت کە ئیدیعاکانیان لەسەر بنەمای بەڵگەی سنوورداریش بێت.

بۆچی بەڕێوبەرایەتی دەرمان و خۆراکی ئەمەریکا ڕێگەیان بە بەرهەمهێنەرانی ماست داوە بانگەشەی ئەوە بکەن کە ماست دەتوانێت مەترسی توشبوون بە شەکرە کەم بکاتەوە؟

لقێکی کۆمپانیایەکی فەڕەنسایی لە ئەمەریکا کە چەندین براندی بە ناوبانگی ماست بەرهەم دەهێنێت، بە ناوی دانۆن ئەمەریکای باکوور، لە ساڵی 2018 دا داوای لە بەڕێوبەرایەتی دەرمان و خۆراکی ئەمەریکا کرد مۆڵەتی پێبدات بۆ ئەوەی ئەو شتە بکات کە بە " بانگەشەی تەندروستی شایستە " ناسراوە. بەڕێوبەرایەتییەکە لە مانگی سێدا مۆڵەتی بە دانۆندا.

بەڕێوبەرایەتی دەرمان و خۆراکی ئەمەریکا پێی وایە خواردنی لانیکەم 2 قاپ ماست لە هەفتەیەکدا ڕەنگە مەترسی توشبوون بە نەخۆشییەکە کەم بکاتەوە کە کاری کردووەتە سەر نزیکەی 36 ملیۆن ئەمەریکایی، ئەم بۆچوونە لە بەڕێوبەرایەتییەکە هەندێک پشتگیری لێدەکرێت، بەڵام ڕێککەوتنێکی گرنگی زانستی لەسەر نیە.

بانگەشەی تەندروستی شایستە چییە؟

ئەو بانگەشانەن کە پشتگیرییەکی تەواوی زانستییان لێنەکراوە بەڵام تاوەکو ئەو کاتەی لەسەر بەرهەمەکان ڕاستییەکان بنوسرێت بۆ ئەوەی خەڵک چەواشە نەکەن، ڕێگەیان پێدەدرێت.

لە ساڵی 2000 ەوە ئەو بانگەشانە بۆ تەواوکەرە خۆراکییەکان ڕێگەیان پێدراوە، لە ساڵی 2002 ەوە بۆ بەرهەمە خۆراکییەکان ڕێگەیان پێدراوە، لەو کاتەوە بەڕێوبەرایەتی دەرمان و خۆراکی ئەمەریکا ڕووبەڕووی سکاڵای یاسایی بووەتەوە کە ئاڵنگاری دروست کردووە لەسەر ستاندارەکان بۆ پێویستییەکان بۆ ڕێککەوتنێکی زانستی بۆ بانگەشەکانی بەرهەمەکان. لەو کاتەدا پارێزەرەکان سەرکەوتووانە وتییان کە ستانداردەکان مافی ئازادی ڕادەربڕین پێشێل دەکەن کە لە دەستووری ئەمەریکادا پارێزراوە.

لە بری ئەوەی لە دادگادا ڕووبەڕووی گۆڕانکارییەکان ببێتەوە لە لەیبڵەکاندا، بەڕێوبەرایەتی دەرمان و خۆراکی ئەمەریکا جۆرێکی نوێی دروست کرد، جیا لەو بانگەشە تەندروستییانەی کە مۆڵەتییان پێدرابوو، کە تێیاندا بەرهەمەکان دەبووایە لەبەردەم شارەزایاندا ڕێککەوتنێکی گرنگی زانستییان بسەلماندایە لەسەر ئەوەی کە بەرهەمەکان مەترسی نەخۆشی و پرسەکانی دیکەی پەیوەست بە تەندروستییەوە کەم دەکەنەوە.

نموونەش لەسەر ئەو بانگەشە تەندروستییانەی کە شایستەن ئەو ڕاپۆرتانەن سەبارەت بە خواردنی جۆرێکی کاکاو کە ڕەنگە مەترسی توشبوون بە نەخۆشی دڵ کەم بکاتەوە، هەروەها شەربەتی کرانبێری ڕەنگە بتوانێت مەترسی هەوکردنەوەی بۆری میزەڵدان لە ژناندا نەهێڵێت.

شارەزایان چی دەڵێن سەبارەت بە ماست و جۆری دووەمی شەکرە؟

دانۆن زانیاری بڵاوکردووەتەوە سەبارەت بەو توێژینەوانەی کە بە تێپەڕبوونی کات لە بەشداربوواندا تێبینی کراون و پەیوەندییەکییان دۆزیوەتەوە لە نێوان خواردنی ماست و نیشانە نزمەکانی شەکرە. بەڕێوبەرایەتی دەرمان و خۆراکی ئەمەریکا ڕێککەوت لەسەر ئەوەی کە " بەڵگەیەکی متمانەپێکراو " هەیە لەسەر سوودی خواردنی ماست وەکو خۆراکێک بە گشتی، بەڵام نەک بەهۆی ئەوەی کە ماددەیەکی خۆراکی دیاریکراوی تێدا بێت.

هیچ بەڵگەیەکی ڕاستەوخۆ نیە لەسەر ئەوەی ماست بتوانێت ڕێگری لە شەکرە بکات، تەنها بەڵگەی لاواز هەن لەسەر ئەوەی خواردنی ماست ڕەنگە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی هەندێک بایۆمەیکەری دیاریکراو کە پەیوەستن بە زیادبوونی مەترسییەکانی توشبوونەوە بە شەکرە.

ڕەخنەگران گومانییان دروستکردووە لەسەر پەسەندکردنی بانگەشەکە لەلایەن بەڕێوبەرایەتییەکەوە، دەڵێن ئەو بانگەشەیە لەسەر بنەمای تاقیکردنەوە کۆنتڕۆڵکراوەکان نیە کە دەکرێت بیسەلمێنێت کە ئایا ماست لە ڕاستیدا مەترسی توشبوون بە جۆری دووەمی شەکرە کەم دەکاتەوە یاخود نا.

گروپی ڕاوێژی ناوەندی زانست و بەرژەوەندی گشتی وتی هیچ خۆراکێک بە تەنها ناتوانێت مەترسی توشبوون بە نەخۆشییەک کەم بکاتەوە کە پەیوەستە بە خۆراکەوە بە گشتی. لە ڕاستیدا گۆڕانکاری لە لەیبڵەکاندا دەکرێت ببێتە هۆی زیادبوونی مەترسییەکان بە توشبوونی شەکرە، ئەوەش لە ڕێی هاندانی خەڵکەوە بۆ خواردنی جۆرەکانی ماست کە هەندێک جۆرییان شەکرییان بۆ زیاد کراوە.

ماریۆن نێستێلی شارەزای سیاسەتی خۆراک، دەڵێت بانگەشەکانی تەندروستی شایستە لەسەر بنەمای بەڵگەیەکی کەمن و " بێمانان."

سەرچاوە/ AP

This item is part of
XS
SM
MD
LG