Accessibility links

کاربەدەسـتێکی یونیسێف باس لە ڕەوشی ئێجگار خراپی ناو یەمەن دەکات


بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی یونیسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ڕەوشی خەڵکی یەمەن ئێجگار خراپە و بە تایبەتی هی منداڵان، بۆیە داوا لە لایەنەکانی شەڕی یەمەن دەکات پشـتیوانی لە هەوڵە دیپـلۆماسیـیەکان بکەن بۆ ڕێگەگرتن لە زیادبوونی قەیرانەکانی ناو وڵاتەکە.

خانم هێنریتا فۆر لە پاش سەردانێکی چوار ڕۆژی بۆ یەمەن لە بەیانـنامەیەکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوکرایەوە، دەڵێت دەبێت بوارێک بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە یەمەندا بدرێت.

پاشان باس لە ڕەوشی ناو وڵاتەکە دەکات و دەڵێت تازە لە عەدەن و سەنعا گەڕاوەتەوە و بە چاوی خۆی بینیویەتی چی بەسەر ئەو وڵاتە هاتووە لە پاش 3 ساڵی شەڕ و دەیان ساڵی دواکەوتوویی. دەڵێت منداڵان لە خوێندن بێبەش دەکرێن و برسی دەکرێن و ناچاردەکرێن چەک هەڵبگرن و شەڕبکەن و هاوسەرگری بکەن و تەنانەت بەو نەخۆشیانە گیان لەدەست دەدەن کە دەکرێت تووشی نەبن.

هەروەها دەڵێت خزمەتگوزاریـیەکان زۆر خراپـبوون و نەخۆشخانەکان زیانیان پـێکەوتووە و خوێندنگەکان بوون بە پەناگە یان لە لایەن گروپە چەکدارەکانەوە دەسـتیان بەسەرداگیراوە.

دەشڵێت لە ئێستادا نزیکەی 11 ملیۆن منداڵی یەمەنی، کە زیاترە لە ژمارەی دانیشتوانی سویسرا، پـێویستیان بە ئاو و خۆراک و چارەسەری تەندروستی و فێرکردن هەیە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد لەوەتای ساڵی 2015 وە زیاتر لە نیوەی دامودەزگا تەندروستیـیەکانی یەمەن لە کارکەوتوون و زیاتر لە 1500 خوێندنگە زیانیان پـێکەوتووە. دەشڵێت تەنیا بەپێی ئامارە فەرمیـیەکانی تۆمارکراون، بەلایەنی کەم 2200 منداڵ کوژراون و 3400 منداڵی دیکە برینداربوون.

XS
SM
MD
LG