Accessibility links

شەڕ و پـێکدادان لە نێوان هێزەکانی حکومەتی یەمەن و جوداخوازان لە شاری عەدەن هەڵدەگیرسێتەوە


گەواهیدەران دەڵێن سەرلەنوێ شەڕ و پـێکدادان هەڵگیرساوەتەوە لە نێوان هێزەکانی حکومەتی یەمەن و جوداخوازەکانی باشوری وڵاتەکە لە شاری عەدەن.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز لە زاری ئەو گەواهیدەرانەوە بڵاویکردووەتەوە شەڕەکان ئەمڕۆ دووشەممە لە دەرەوەی سەربازەگەکانی حکومەتی یەمەن لە هەردوو ناوچەی خۆر مکەسەر و دار سەعد لە باکوری شاری عەدەن ڕوویانداوە، دەڵێن بە لایەنی کەم تانکێک لە خۆر مکەسەر تەقەی کردووە.

باسیان لەوەش کرد خەڵکی ناو شار لە ترسی شەڕەکان زۆربەیان نەهاتوونەتە دەرێ و هێزەکانی حکومەت لە سەر ئەو جادە سەرەکیـیە بڵاوبوونەتەوە کە بەرەو کۆشکی مەعاشیق دەڕوات، ئەوەی بارەگاکانی حکومەتی لێـیە.

ئەم شەڕانە کە لە نێوان هێزەکانی عەبد ڕەبۆ مەنسور ئەلهادی سەرۆکی یەمەنە، ئەوەی سعودیـیە پشتیوانی دەکات و هێزەکانی جوداخوازەکانی باشور، ئەوانەی هاوپەیمانی ئیماراتی عەرەبین، مەترسیان هەیە بۆ سەر هەوڵە هاوبەشەکانیان لە دژی حوسیـیەکانی سەر بە ئێران کە باکوری وڵاتەکەیان بەدەستەوەیە.

گەواهیدەران دەڵێن ئێستا جوداخوازەکان کە سەر بە ئەنجومەنی گواستنەوەی باشورن، ئەوەی ساڵی ڕابردوو دامەزرا بۆ زیندوکردنەوەی دەوڵەتی یەمەنی باشور، هەوڵ دەدەن دوو بنکە لە حکومەتەکەی سەرۆک وەزیر ئەحمەد بن دەغر کۆنترۆڵبکەن.

ڕۆیتەرز دەشڵێت بەپـێی سەرچاوەیەک فەرماندە لەشکریـیەکانی کە لە بەشی ڕۆژئاوای یەمەن شەڕی حوسیـیەکان دەکەن، داوایان لە هەردوو وڵاتی سعودیـیە و ئیمارات کردووە هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە بۆ ڕاگرتنی شەڕەکان لە عەدەن، دەڵێن ئەگەر نا ئەوا ناچاردەبن لە بەرەکانی شەڕ بکشێنەوە و بەرەو عەدەن بگەڕێنەوە بۆ یارمەتیدانی سەرۆک هادی و حکومەت.

جێی ئاماژەیە شەڕەکان لە ڕۆژی یەکشەممەوە دەسـتیانپـێکرد، پاش تەواوبوونی ئەو مۆڵەتەی جوداخوازەکان بە سەرۆک هادیان دابوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی حکومەتەکەی بن دەغر کە بە گەندەڵی و خراپی بەڕێوەبردن تۆمەتباری دەکەن، بەڵام حکومەتی ئەو تۆمەتە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت ئەمانە بەهانەن بۆ ئەنجامدانی کودەتا.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ لە بارەی زیانەکانی شەڕی ئەمڕۆ دووشەممە ڕانەگەیەندراوە، بەڵام وەزارەتی تەندروستی یەمەن لە ڕاگەیاندنێکدا گوتی لە میانەی شەڕەکانی ڕۆژی یەکشەممە 12 کەس کوژراون و 132 کەسی دیکە برینداربوون.

XS
SM
MD
LG