Accessibility links

ژمارەی تووشبووان بە نەخۆشی کۆلێرا لە یەمەن گەیشتە ملیۆنێک


ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی دەڵێت ژمارەی تووشبووان بە نەخۆشی کۆلێرا لە یەمەن زۆر زیادیکردووە و لە ئێستادا یەک ملیۆن حاڵەت هەیە کە گومانی تووشبوون بەو نەخۆشیە درمیەیان لێ دەکرێت.

ڕێکخراوەکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە لەسەر تویتەری خۆی هەروەها نووسیویەتی زیاتر لە 80% ی خەڵکی یەمەن پـێویستیان بە خۆراک و سووتەمەنی و ئاوی پاک و خزمەتگوزاری تەندروستی هەیە.

مانگی دە ڕێکخراوەکانی فریاگوزاری لە یەمەن ڕایانگەیاند ژمارەی تووشبووان بە کۆلێرا کەمبووەتە لە ئاکامی هەڵمەتە تەندروستیـیە چڕەکانی ئەنجام‌دران، بەڵام لە مانگی یازدە جارێکی دیکە ئاگاهیان دا لە مەترسی سەرلەنوێ بڵاوبوونەوەی نەخۆشیـیەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەهۆی ڕێگەگرتن لە گەیشتنی یارمەتیـیەکان بۆ یەمەن.

هاوپەیمانێتی عەرەبی بە ڕابەرایەتی عەرەبستانی سعودیـیە بۆ شەڕی یەمەن لە 4 ی مانگی یازدەوە ڕایگەیاند هەموو دەروازە دەریایی و وشکانی و ئاسمانیـیەکانی یەمەن داخران، ئەمەش لە پاش هەڵدانی موشەکێکی بالیستیکی لە یەمەنەوە بە ئاڕاستەی ڕیازی پایتەختی سعودیـیە.

ئەم گەمارۆیەش بۆ نزیکەی 3 هەفتە بەردەوامبوو بەسەر ئەم وڵاتەی کە ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی 27 ملیۆن کەسە و 90%ی پـێداویستیـیەکانی، لەوانە خۆراک و دەرمان و سووتەمەنی هاوردە دەکات.

جێی ئاماژەیە لە مانگی نۆی ساڵی 2014 سەنعای پایتەخت لە لایەن حوثیـیەکانەوە کۆنترۆڵکرا و پاشان ناوچەیەکی فراوانی وڵاتەکەیان خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیان و لە بەرامبەردا ژمارەیەک وڵاتی عەرەب بە ڕابەرایەتی عەرەبستانی سعودیـیە هاوپەیمانێتیـیەکیان پـێکهێنا بۆ کۆتایی‌هێنان بە دەسەڵاتی حوثیـیەکان کە بە جێبەجێکاری ئەجیندای ئێران لە ناوچەکە دادەنرێن. لە مانگی سێی ساڵی 2015 وە هەتا ئێستا شەڕەکە بەردەوامە.

XS
SM
MD
LG