ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور و کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان داوا لە حوسیـیەکانی یەمەن دەکەن ڕۆژنامەوانان و کارمەندانی کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی سەر بە سەرۆکی پـێشووی کوژراو عەلی عەبدوڵڵا ساڵح ئازادبکەن.
ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور لە ڕاگەیاندنێکدا دەڵێت لە 2 ی مانگی دوازدە هێزێکی حوسیـیەکان بە ئاڕپـیجی لە بینای کەناڵی" الیمن الیوم"یان داوە و لە ئاکامدا 3 لە پاسەوانانی کەناڵەکە برینداربوون و پاشان هێزەکە خۆیان کردووە بە ناو بیناکە و 41 ڕۆژنامەوان و کارمەندی کەناڵەکەیان دەستبەسەرکردووە.
ئەلکساندرا ئەلخازن بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕێکخراوەکە دەڵێت مەسەلەی بە بارمتەگرتنی ڕۆژنامەوانان لە یەمەن بووەتە دیاردەیەکی ئاسایی و بەردەوام ڕۆژنامەوانان لەو وڵاتە دەکرێنە ئامانج بەهۆی ئەو دۆخە شەڕانگێزیـیەی لەوێ دروستبووە. پاشان داوای لە حوسیـیەکان کرد دەستبەجێ ئەو 41 کەسە ئازادبکەن لەگەڵ 11 ڕۆژنامەوان و کارمەندی دیکەی ڕاگەیاند کە پێشتر دەستـگیریان کردوون.
هەروەها کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان کە بنکەکەی لە نیویۆرکە، هێرشی حوسیـیەکانی بۆ سەر کەناڵی "الیمن الیوم"ی بە پـێشێلکاریـیەکی گەورەی ئازادی ڕۆژنامەگەری ناودێرکرد و داوایکرد دەسـتبەجێ ئەو ڕۆژنامەوان و کارمەندانە ئازادبکرێن.
لە لایەکی دیکە معەمەر ئەلئەریانی وەزیری ڕاگەیاند لە حکومەتەکەی عەبد ڕەبە مەنسور هادی سەرۆکی یەمەن دەڵێت لە ڕۆژی شەممەوە ئەو ڕۆژنامەوان و کارمەندانە لە لایەن حوسیـیەکانەوە دەستبەسەرکراون و براونەتە ژێرزەمینی بینای کەناڵەکە و لە ڕەوشێکی خراپدان.