Accessibility links

بە هێرشێـکی ئاسمانی هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیـیە 5 کەس لە خوێندنگەیەکی یەمەن دەکوژرێن


سەرچاوەکانی تەندروستی و لەشکری دەڵێن فڕۆکەکانی هاوپەیمانێتی عەرەبی بە ڕابەرایەتی عەرەبستانی سعودیـیە خوێندنگەیەکی سەرەتایـیان لە باکوری یەمەن بۆردومانکردووە و لە ئاکامدا 5 کەس کوژراون کە دووانیان منداڵن.

سەرچاوەکان دەڵێن هێرشەکە ئەمڕۆ سێشەممە کراوەتە سەر خوێندنگەی ئەلفەلاح لە ناوچەی نهم لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سەنعای پایتەخت، جگە لەو پـێنج کوژراوە کە دوو خوێندکار و بەڕێوەبەری خوێندنگەکە و دوو مامۆستا بوون، 13 کەسی دیکە برینداربوون.

سەرچاوەیەکی تەندروستی لە نەخۆشخانەی کوەیت لە شاری سەنعا ژمارەی قوربانیـیەکانی پشـتڕاستکردەوە.

کاربەدەسـتێـکی لەشکری حکومەت، ئەوەی عەرەبسـتانی سعودیـیە پشـتیوانی لێدەکات، گوتی بە هەڵە دوو موشەک بەر خوێندنگەکە کەوتوون. ئۆباڵی ڕووداوەکەشی خستە ئەستۆی چەکدارانی حوسی شیعە، بەوەی لە نزیک خوێندنگەکە ئۆتۆمبیلی زرێپـۆشیان ڕاگرتبوو.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ چەندان جار ڕەخنەیان لە هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی عەرەبسـتانی سعودیـیە گرتووە، بەهۆی پـێوەبوونی خەڵکی سیڤیل لە میانەی هێرشە ئاسمانیـیەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسـتی حوسیـیەکان و لایەنگرانیان.

مانگی هەشتی ڕابردووش بەهۆی هێرشێـکی ئاسمانی بۆ سەر خوێندنگەیەک لە پارێزگای سەعدە 10 منداڵ کوژران و 28 ی دیکە برینداربوون، ئەمەش وەهای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بە پەلە لێکۆڵینەوەیەک ئەنجام بدات.

لەوەتای مانگی سێی ساڵی 2015 وە هێرشی هاوپەیمانێتی عەرەبی بە ڕابەرایەتی سعودیـیە بۆ سەر حوسیـیەکانی سەر بە ئێران لە یەمەن دەسـتیپـێکردووە، ئەمەش بۆ پشـتیوانیکردن لە حکومەتی عەبد ڕەبە مەنسور ئەلهادی سەرۆکی یەمەن.

XS
SM
MD
LG