داعشی باڵی یەمەن بەرپـرسیارێتی خۆی لەو دوو تەقینەوەیە ڕاگەیاند کە مزگەوتێـکی لە سەنعای پایتەخت کردە ئامانج و بوونە هۆی کوژرانی 25 کەس و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە.
هێرشەکە ئەمڕۆ پـێـنجشەممە کرایە سەر مزگەوتی ئەلبلیلی لە ناوەندی شارەکە، لەو دەمەی خەڵکی بۆ نوێژی جەژنی قوربان لێی کۆبووبوونەوە.
گەواهیدەران دەڵێن تەقینەوەی یەکەم لە نێو مزگەوتەکەدا بوو و پاش چەند خولەکێـک خۆکوژێـک لە بەردەم دەرگای مزگەوتەکە خۆی تەقاندووەتەوە کاتێـک خەڵکی هاتبوون بە هانای بریندارەکانەوە بچن.
ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز دەڵێت ئەو مزگەوتە لە لایەن حوسیـیەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
جێی ئاماژەیە سەرەتای مانگی نۆش داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشێـکی هاوشێوە ڕاگەیاند کە بووە مایەی کوژرانی 32 کەس و برینداربوونی 92 کەسی دیکە لە مزگەوتێـکی زەیدیـیەکان لە سەنعا.