Accessibility links

حوسیـیەکانی یەمەن دەڵێن موشەکێـکیان هەڵداوە بۆ نزیک ڕیازی پایتەختی سعودیـیە

  • VOA News

حوسیـیەکانی یەمەن دەڵێن بۆ یەکەم جار موشەکێـکیان ناوە بە بنکەیەکی لەشکری لە نزیک ڕیازی پایتەختی عەرەبستانی سعودیـیە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی سەبای ژێر دەستی حوسیـیەکان ئەمڕۆ دووشەممە گوتی هێزی موشەکی لەشکری یەمەن تاقیکردنەوەیەکیان ئەنجامداوە لەسەر موشەکێـکی بالیستی مەودا درێژ و بە سەرکەوتووانە لە ئامانجەکەی خۆی داوە کە بنکەی لەشکری ئەلمزاحمیە بوو لە ڕۆژئاوای ڕیازی پایتەخت.

پاشان گوتی ئەمە وەڵامدانەوەیە بۆ ئەو هێرشانەی لە لایەن سعودیـیەوە دەکرێنە سەر وڵاتەکەیان، باسی لەوەش کرد هێرشی لەم جۆرەیان بەردەوامی دەبێت.

جێی ئاماژەیە شاری ڕیاز نزیکەی 1000 کیلۆمەتر لە سەنعای پایتەختی یەمەنەوە دورە. مانگی دە لەشکری سعودیـیە ڕایگەیاند موشەکێـکی حوسیـیەکانیان تێـکشاند لە دوری نزیکەی 65 کیلۆمەتر لە شاری مەککەوە.

حوسیـیەکان لە بەیانـنامەیەکدا نووسیویانە ئەم موشەکەی بۆ ڕیازیان هەڵداوە لە جۆری بورکان-2 ی وڵاتەکەیانە کە لە بنەڕەتدا موشەکی سکۆتی ڕووسیـیە و گۆڕانکاری بەسەردا کراوە. هیچ سەرچاوەیەکی سەربەخۆی هەواڵ ئەم ئیدیعایانەی حوسـیـیەکان پـشـتڕاست نەکردووەتەوە.

هەروەها هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە سعودیـیە هیچ ڕاگەیاندنێـکی فەرمی لەم بارەیەوە نەداوە.

XS
SM
MD
LG