Accessibility links

هاوپەیمانێتی عەرەبی دەست دەکاتەوە بە بۆردومانکردنی شاری حەدیدە لە یەمەن


سەرچاوە سەربازییەکان و دانیشتوانی ناوچەکە وتیان هاوپەیمانێتی عەرەبی بە ڕابەرایەتی سعودیە دەستی کردۆتەوە بە بۆردۆمانکردنی ناوچەکانی نزیک بەندەری حەدیدەی یەمەن لەکاتێکدا پێکدادانێکی توند دەستی پێکردۆتەوە چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی دانوستانەکانی ئاشتی بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان شکستیان هێنا.

سەرچاوەیەکی باڵای یەمەنی وتی هاوپەیمانێتی عەرەبی دەستی کردۆتەوە بە هێرشەکانی بە ئامانجی ئەوەی کۆنتڕۆڵی شارەکە بکاتەوە کە لەژێر دەسەڵاتی حوثییەکاندایە، دوای ئەوەی دانوستانەکانی ئاشتی لە جنێڤ شکستی هێنا بەهۆی ئەوەوە کە شاندی حوثییەکان ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون.

دەستپێکردنەوەی شەڕەکان فشارەکانی سەر نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەمەن مارتن گریفیت زیاتر دەکات کە بەڵێنیدابوو بەردەوام بێت بە ئاڕاستەی دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەکی سیاسیی بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی ناوخۆی یەمەن.

هێزەکانی سوپای یەمەن کە لەلایەن هاوپەیمانێتییەوە پشتیوانیان لێدەکرێت وتیان پێکدادانەکان ڕۆژی دووشەممە لە دەرەوەی حەدیدە دەستیان پێکردووە بەڵام ڕۆژی چوارشەممە پێکدادانەکان گەرمتر بوون.

دانیشتوانی ناوچەکە وتیان فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانێتی هێرشی ئاسمانیان ئەنجامداوە لەنزیک دەروازەی ڕۆژهەڵاتەوە کە دەچێتەوە سەر ئەو ڕێگایانەی کە سەنعای پایتەخت و پارێزگای تەعز پێکەوە دەبەستێتەوە.

وتیشیان هێزەکانی یەمەن هەوڵدەدەن کۆنتڕۆڵی ڕێگای سەرەکی نێوان حەدیدە و سەنعا بکەن.

سەرچاوەیەکی باڵای یەمەنی لە هاوپەیمانێتییەکەدا وتی " ئەم هێرشە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی حەدیدەیە. هەمووان پێیان وایە کۆنتڕۆڵکردنی حەدیدە کارێکی مەحاڵ بێت. بەلام دەیسەلمێنین کە ئەوان هەڵەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG