Accessibility links

حوسییەکانی یەمەن هێرش دەکەنە سەر سعودیە


حوسییەکانی یەمەن کۆمەڵێک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکیان ئاڕاستەی دامەزراوە سەرەکییەکانی وزەی سعودیە کرد، لە یەکێک لەو شوێنانەدا ئاگرکەوتەوە و لە شوێنێکی دیکەدا بۆ ماوەیەکی کاتی بەرهەمهێنانی نەوتی ڕاگرت.

ئەم هێرشەی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر سعودیە ئاماژەیە لەسەر زیاتربوونی هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر سعودیە لەکاتێکدا کە جەنگی یەمەن دەچێتە هەشتەیەمین ساڵییەوە و گفتوگۆکانی ئاشتی ڕاگیراون.

هاوپەیمانێتی سەربازی بە ڕابەرایەتی سعودیە کە دژی حوسییەکانی یەمەن دەجەنگن و پشتیوانی لە حکومەتی یەمەن دەکەن، وتی هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێنەکەوتۆتەوە، بەڵام لە کۆمەڵێک شوێنیانداوە کە سەر بە یەکێک لە گرنگترین کۆمپانیاکانی وزەی جیهانە و زیانی بە خانوو و ئوتومبێلی هاوڵاتیانی مەدەنی گەیاندووە.

هاوپەیمانێتیەکە وتیشی لە دوورەوە بەلەمێکیان تێکشکاندووە کە پڕبووە لە تەقەمەنی و لەلایەن حوسییەکانەوە ڕەوانەی باشووری دەریای سوور کراوە.

چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی بەڕێوبەری کۆمپانیای زەبەلاحی نەوتی ئارامکۆی سعودیە ئەمین ناسڕ بە ڕۆژنامەنووسانی وت هێرشەکان هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت نەبووە، وەزارەتی وزەی سعودیە دانی بەوەدانا کە یەکێک لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان زیانی گەیاندووە بە کۆمپانیای پاڵاوگەی یانبو ئارامکۆ سینۆپیک و بووەتە هۆی ئەوەی " بۆ ماوەیەکی کاتی بەرهەمهێنانی نەوت لە پاڵاوگەکەدا کەم ببێتەوە."

دواتر هێرشێکی دیکەی ئاسمانی تانکێکی بەنزینی لە وێستگەی دابەشکردنی ئارامکۆ لە شاری جەددە کردە ئامانج و ئاگرێک کەوتەوە.

ئەم هێرشانە تیشک دەخەنە سەر فراوانبوون و وردی تواناکانی حوسییەکان بۆ لێدانی ئامانجە سعودییەکان، هەروەها تیشک دەخاتە سەر ئەو بۆشاییەی کە لە بەرگرییە ئاسمانییەکانی سعودیەدا هەیە. لە ساڵی 2019 دا لە هێرشێکی ئاسمانی ئاڵۆزدا بۆ سەر دامەزراوەکانی ئارامکۆ نزیکەی نیوەی بەرهەمهێنانی نەوتی سعودییەی ڕاگرت. دواتر ئەمەریکا و سعودیە وتیان هێرشەکە لە ئێرانەوە ئەنجامدراوە.

وتەبێژی حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت یەحیا ساری وتی حوسییەکان " ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان و گەورەی سەربازییان ئەنجامداوە "، ئەوەش وەکو تۆڵەیەک لە " دوژمنکارییەکانی هاوپەیمانێتیەکەی سعودیە و گەمارۆکانیان " کە بوونەتە هۆی کەوتنەوەی قەیرانێکی گەورە لە یەمەندا.

لە ساڵی 2014 دا جەنگی یەمەن دەستیپێکرد، ئەوەش دوای ئەوەی حوسییەکان سەنعای پایتەختی وڵاتەکەیان گرت. سعودیە و هاوپەیمانەکانیشی وەکو پشتیوانییەک لە حکومەتی یەمەن هەڵمەتێکی ئاسمانی ڕووخێنەرییان دژی حوسییەکان دەستپێکرد و تاوەکو ئێستا ئەو جەنگە بەردەوامە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG