Accessibility links

حەوت چەکداری گومانباری قاعیدە لە باشوری یەمەن بە هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دەکوژرێن


کاربەدەستێکی ئاسایش لە یەمەن دەڵێت بە هێرشی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان لە ناوچەی شەبوەی باشوری وڵاتەکە 7 چەکدار کوژراون کە گومان دەکرێت ئەندامی قاعیدە بووبن.

کاربەدەستەکە کە سەر بە دەسەڵاتی سەرۆک عەبدڕەبۆ مەنسور هادیـیە، ئەوەی لە لایەن کۆمەڵەی نێودەوڵەتییەوە دانی پیادانراوە، بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت ئەو حەوت چەکدارە لە نێو ئۆتۆمبیلێکدا بوون لە شەقامێکی ناوچەی بیحانی شەبوە و بە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان کە پـێدەچێت ئەمەریکایی بووبێت کرانە ئامانج. گوتیشی لەو بڕوایەدایە چەکدارەکان ئەندامی ڕێکخراوی قاعیدە بووبن.

قاعیدە بۆ ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە بوونیان لە یەمەن هەیە و لەم ساڵانەی دوایی بەهۆی نائارامیـیەکانی ئاکامی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکە هێندەی دیکە بڵاوبووەتەوە بە تایبەتی لە ناوچەکانی باشور یەمەن کە زۆربەی خەڵکەکەی هەژارن.

لە ئێستادا ئەمەریکا باڵی "دورگەی عەرەبی" قاعیدە بە مەترسدارترین باڵەکانی قاعیدە لە جیهان دادەنێت. لەوەتای لە ساڵی 2017 وە سەرۆک ترامپ دەسەڵاتی گرتووەتەدەست، ئەمەریکا هێرشەکانی دژی قاعیدە زیاترکردووە.

XS
SM
MD
LG