سه‌رۆکی یه‌مه‌ن عه‌لی عه‌بدوڵا ساڵح داوا له هێزه‌کانی ئاسایش ده‌کات که ئه‌و خۆپیشانده‌ران بپارێزن که داوای ده‌سه‌ت له‌کار کێشانه‌وه‌ی خۆی ده‌که‌ن.
ئاژانسی ده‌نگِو باسی یه‌مه‌نی به‌یاننامه‌یه‌کی بڵاو کردووه‌ته‌وه که تیایدا ده‌ڵێت به‌ڕێز ساڵح فه‌رمانی به هێزه‌کانی ئاسایش داوه ڕێگر بن له هه‌ر پێکدادانێک له نێوان خۆپیشانده‌رانی سه‌ر به حکومه‌ت و دژه حکومه‌ت. هه‌روه‌ها داواشی له هه‌ردوو لا کردووه که وریا بن دژی هه‌ر که‌سێکی بیه‌وێت خۆپیشاندانه‌که بکات به توندوتیژی.
له ڕۆژی چوارشه‌ممه‌دا به هه‌زاران خۆپیشانده‌ری دژه حکومه‌ت هوروژمایان برد بۆ مه‌یدانێکی سه‌نعای پایته‌ختی یه‌مه‌ن.
خۆپیشانده‌رانی ئۆپۆزسیۆن له نزیک زانکۆی سه‌نعاش کۆبوونه‌ته‌وه که له ڕۆژی سێشه‌ممه له‌و شوێنه‌دا به‌لایه‌نی که‌م که‌سێک کوژرا و 12 که‌سیش برینداربوون. پێکدادان له کاتێکدا ده‌ستیپێکرد که هێرشبه‌ره‌کان ده‌مانچه و چه‌کی تریان بۆ بڵاوه‌پێکردنی خۆپیشانده‌ران به‌کارهێنا که چه‌ندین ڕۆژ بوو له‌وێ جێگیر بووبوون.
به هۆی ئه‌و توندوتیژیه‌ش ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی له یه‌مه‌ن به‌هۆی خۆپیشاندانه‌وه کوژراون بوون به 12 که‌س.