Accessibility links

هەردوو لایەنی جەنگی یەمەن ڕێکدەکەون لەسەر کردنەوەی فڕۆکەخانەی سەنعا


سەرچاوەکان وتیان هەردوو لایەنی جەنگی ناوخۆی یەمەن ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی دووبارە فڕۆکەخانەی سەنعای پایتەختی یەمەن بکرێتەوە کە حوثییەکان دەستیان گرتووە بەسەریدا، لەکاتێکدا وڵاتانی ڕۆژئاوا فشار لە هەردوولا دەکەن ڕازیببن بە گرتنەبەری کۆمەڵێک ڕێوشوێن بۆ دروستکردنی متمانە لەنێوانیاندا پێش کۆتایی هاتنی دانوستانەکانی ئاشتی یەمەن بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوید.

جێی ئاماژەیە لە ماوەی ڕابردوودا هەردوو لایەنی جەنگی یەمەن کە حوثییەکانی سەر بە ئێران و حکومەتی یەمەنن ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی هەزاران دیل لەنێوانیاندا بگۆڕنەوە و ئەوەش هەنگاوێکی باش بوو بۆ دەستپێکی دانوستانەکان.

هێشتا حوثییەکان و حکومەتەکەی سەرۆکی یەمەن عەبد ڕەبە مەنسوور هادی بیر لە پێشنیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەنەوە سەبارەت بە کشاندنەوەی هەموو هێزەکان لە شاری حودەیدە و پێکهێنانی بەڕێوبەرایەتییەکی کاتی سەربەخۆ لە شارەکەدا.

سەرۆک وەزیری یەمەن موعین عەبدولمەلیک بە ڕۆژنامەنووسانی وت لەوانەیە کاتی تەواو لەبەردەستدا نەبێت بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی تەواو سەبارەت بە حودەیدە چونکە دانوستانەکان ڕۆژی پێنجشەممە تەواو دەبن.

وتیشی کەمی کات ڕێگە نادات گفتوگۆ لەسەر هەموو خاڵەکان بکرێت لە میانەی ئەم خولەی دانوستانەکاندا، ئاماژەشی بە گرنگی دروستبوونی متمانە کرد پێش ئەوەی بچنە ناو وردەکاریی دۆسییەی حودەیدەوە.

وابڕیارە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکا ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش ئامادەی کۆتا دانیشتن بێت لە دانوستانەکانی ئاشتی یەمەن لە سوید، ئەمەش وەکو پشتیوانییەک لە هەوڵەکانی نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەمەن و دەستپێکردنی پڕۆسەیەکی سیاسیی بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی یەمەن کە بۆ ماوەی نزیکەی چوارساڵە بەردەوامە. هەروەها لەوانەیە لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا خولێکی دیکەی دانوستانەکان بەڕێوەبچێت.

دوو سەرچاوەی نزیک لە دانوستانەکانەوە وتیان هەردوولا ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی گەشتە نێودەوڵەتییەکان لە فڕۆکەخانەیەکی سەر بە حکومەتی یەمەن بنیشنەوە تاوەکو پشکنینی بۆ بکەن پێش ئەوەی بچێتە ناو فڕۆکەخانەی سەنعاوە یاخوود بێتە دەرەوە.

دوو سەرچاوەکە وتیشیان هێشتا ڕێکنەکەوتوون لەسەر ئەوەی کە ئایا پشکینینەکان لە فڕۆکەخانەی عەدەن بکرێت یاخوود فڕۆکەخانەی سیئۆن.

هاوپەیمانێتی عەرەبی بە ڕابەرایەتی سعودیە کە لە ساڵی 2015 دا هاتە ناو جەنگی یەمەنەوە بۆ گەڕاندنەوەی حکومەتەکەی هادی بۆ سەر دەسەڵات، دەستیان گرتووە بەسەر ئاسمانی یەمەندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG