Accessibility links

لایەنەکانی جەنگی یەمەن وتوێژەکانیان سەبارەت بە ڕێکەوتنی گۆڕینەوەی دیلەکان لە ئەردەن دەست پێدەکەن


بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان و شاندەکانی لایەنەکانی جەنگی یەمەن وتیان ڕۆژی چوارشەممە وتوێژەکان سەبارەت بە ڕێکەوتنی گۆڕینەوەی دیلەکان و چۆنێتی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە لە ئەردەن دەستی پێکردووە کە وادەکات هەزاران خێزان یەک بگرنەوە، ئەمەش لە هەوڵێکی ئاشتیدا بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان.

نوێنەرانی حوثییەکانی هاوپەیمانی ئێران و حکومەتی یەمەن لە پایتەختی ئەردەن بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر گۆڕینەوەی دیلەکان کۆبوونەوە، ئەم ڕێکەوتنەش لەمیانەی دانوستانەکانی ئاشتیدا لە سویدا واژۆیان کردووە.

وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ستیڤان دوگاریک لە نیویۆرک بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هەردوولا لە سوید ڕێکەوتن لەسەر گۆڕینەوەی دیلەکان و ئێستا گفتوگۆ لەسەر هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی دەکەن."

وڵاتانی ڕۆژئاوا کە هەندێکیان پشتیوانی لە هاوپەیمانێتی عەرەبی دەکەن بە ڕابەرایەتی سعودیە لە جەنگی یەمەندا، فشاریان خستە سەر هەردوولای جەنگی یەمەن تاوەکو هەنگاو بنێن بەرەو دروستکردنی متمانە لەنێویاندا کە ڕێگە خۆشکەربێت لەبەردەم ڕێکەوتنێکی فراوانتر و پڕۆسەیەکی سیاسیی کە کۆتایی بە جەنگی یەمەن بهێنێت.

لە چوارچێوەی ئەم هەوڵانەدا لە دانوستانەکانی ئاشتی یەمەن لە سوید هەردوولا ڕازیبوون لەسەر گۆڕینەوەی 15 هەزار دیل، نوێنەران وتیان ئەم گۆڕینەوەیە لەڕێی فڕۆکەخانەی سەنعای پایتەختەوە دەبێت کە لەژێر دەسەڵاتی حوثییەکاندایە.

سەرۆکی شاندی حکومەتی یەمەن هادی هەیج وتی ڕێوشوێنەکە بە پێنج قۆناغ دەبێت پێش دەستپێکردنی گۆڕینەوەکە.

نەتەوە یەکگرتووەکان و لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور سەرپەرشتی گۆڕینەوەی دیلەکان دەکەن. خاچی سوور وتی پێویستە لەسەر هاوپەیمانێتی عەرەبی بە ڕابەرایەتی سعودیە گرەنتی پارێزراوی ئاسمانی یەمەن بدات و پارێزراو بێت بۆ گەشتەکان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG