Accessibility links

ئێران جارێکی دیکە نکوڵی دەکات لەوەی حوثیـیەکانی یەمەنی پـڕچەک کردبێت


جارێکی تریش کۆماری ئیسلامی ئێران نکوڵی لە لێدوانەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکات سەبارەت بەوەی حوثییەکانی یەمەن پڕ چەک دەکات.

تاران دەڵێت شەڕی یەمەن بەرەنجامی دابینکردنی چەک و کەرەستەی لەشکرییە لەلایەن بەریتانیا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە بۆ شانشینی عەرەبستانی سعودیە.

بەهرام قاسمی، دەمڕاستی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت وڵاتەکەی دەخوازێت کۆتایی بهێنرێت بە شەڕ و ئاشوبەکانی عەرەبستانی سعودیە لە ناو وڵاتی یەمەندا و دەشڵێت ئەو چەک و کەرەستە لەشکریانەی لەندەن و واشنتۆن دەیدەن بە ڕیاز، ڕەوشی وڵاتی یەمەنیان ئاڵۆز کردووە و هەروەها ئاگاهیش دەدات بەوەی ئەو جۆرە ڕەفتارانەی ئەمەریکا و بەریتانیا جێی قایل بوون نین.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکی مانگی ڕابردوویدا باسی لە شکاندنی گەمارۆی چەک کردووە لەسەر یەمەن لەلایەن ئێرانەوە و بەردەوامیش بووە لە ناردنی چەک بۆ حوثییە شیعەکان.

هەر لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە ئەو موشەکانەی ساڵی پار حوثییەکان گرتبویانە سەر عەرەبستانی سعودیە لە ئێران دروستکرابوون، هەرچەندە نەتوانراوە بە شێوەیەکی کۆنکریتی بزانرێت کێ یان چ لایەنێک گەیاندویەتییە دەست سەرهەڵداوانی حوثییەکان.

دوابەدوای ئەو ڕاپۆرتە، نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکی دا سەبارەت بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی زیاتر بەرامبەر بە ئێران و بەرنووسی ئەو بڕیارەش بەریتانیا دایڕشتبوو.

XS
SM
MD
LG